رووداو دیجیتاڵ
جووتیارانی کەرکووک کە ناویان لە دەرەوەی پلانی کشتوکاڵییە و زۆربەیان کورد و تورکمانن، ناتوانن گەنمەکانیان رادەستی سایلۆ بکەن، چونکە دەبێت ناویان لە رێگەی لینکی نۆرەگرتن تۆمار بکەن, ئەو لینکە لە ماوەی 10 رۆژدا تەنیا نیو کاژێر کارا بووە.
نزیکەی 850 تۆن گەنمی جووتیارانی کورد و تورکمانی کەرکووک لە دەرەوەی پلانی کشتوکاڵییە. بۆ ئەوەی بتوانن بەرهەمەکانیان بە سایلۆی کەرکووک بفرۆشن، دەبێت لە رێگەی لینکێکەوە ناویان تۆمار بکەن، بەڵام لینکەکە زۆربەی کات کارا نییە.
ساتح ناسیح، نوێنەری جووتیارانی گوندی تۆپزاوایە و دەڵێت: "تاوەکو ئێستا دووجار لینکەکە کراوەتەوە و هەر جارێک نزیکەی 10 خولەک کارا بووە، ئەوەش بەهۆی ئەوەی لۆدێکی زۆری لەسەر بووە و کەس فریای تۆمارکردنی ناو نەکەوتووە."
بە گوتەی ساتح ناسیح، دوێنێ جارێکی دیکە لینکەکە کارا کراوە، بەڵام ئەوان ئاگادار نەبوون و دواتر زانیویانە کە تەنیا بۆ جووتیارانی حەویجە و دەوروبەری بووە.
جووتیاران دەڵێن، لینکەکە لە ناوچە کورد و تورکمانییەکان کار ناکات. ئیدارە و ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک داوای چارەسەرکردنی کێشەکەیان لە وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق کردووە، بەڵام وەڵامیان نەبووە.
عەبدوڵڵا میروەیس، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، بە رووداوی راگەیاند: "لەبری ئەوەی هاوکاریی جووتیاران بکەین کە ئەم بەرووبوومە ستراتیژییە بەرهەم دەهێنن و هەلی کار دابین دەکەن، کێشەیان بۆ دروست دەکرێت. داواکارین ئەم نادادپەروەرییە بەرامبەریان نەکرێت و لینکەکە بۆ ماوەی چەند رۆژێک کارا بکرێتەوە."
98%ی ئەو زەوییانەی خراونەتە پلانی کشتوکاڵییەوە، دەکەونە سنووری قەزاکانی حەویجە، ریاز، رەشاد و زاب. گەنمی ئەو جووتیارانە بە نرخی 700 هەزار دینار بۆ هەر تۆنێک وەردەگیرێت، بەڵام ئەو زەوییانەی لە دەرەوەی پلانن و زۆربەیان هی جووتیارانی کورد و تورکمانن، نرخی وەرگرتنی گەنمەکانیان بە 500 هەزار دینار دیاری کراوە.
حەسەن حەمدی، بەڕێوەبەری سایلۆی کەرکووک، لەسەر ئەو کێشەیەی جووتیاران بە رووداوی گوت: "لە رۆژێکدا هەزار کەس مافی تۆمارکردنی ناوی هەیە، بەڵام کاتێک پێنج هەزار کەس پێکەوە هەوڵی تۆمارکردن دەدات، لۆد لەسەر لینکەکە دروست دەبێت."
بەڕێوەبەری سایلۆی کەرکووک گوتیشی، "بۆ ئەوانەی لە دەرەوەی پلانن، دووجار لینکەکەمان کردووەتەوە و چاوەڕێین بڕیار بدرێت جارێکی دیکەش بکرێتەوە و رۆژ و کاژێرەکەی دیاری بکرێت، تاوەکو بتوانن ناوی خۆیان تۆمار بکەن."

