رووداو دیجیتاڵ لە سنووری کەرکووک، سوپای عێراق لە هەڵمەتێکدا بە ناوی لابردنی زیادەڕۆیی، دووکانێک و 10 باخی هاووڵاتییانی کوردی لە گوندەکانی حەسار و گۆڵدەرەی سەر بە ناحیەی شوان رووخاند. لە کاردانەوەدا، خاوەنی دووکانەکە ئاڵای کوردستانی لەسەر داروپەردووی دووکانە رووخێنراوەکەی هەڵکرد و دانیشتووانیش رێگەی سەرەکیی کەرکووک-شوانیان داخست. رەحمان حەساری، کە دانیشتووی گوندی حەسارە و دووکانەکەی رووخێنراوە، دەڵێت: "ئەمانە موڵکی خۆمانە و لە باو و باپیرانمانەوە بۆمان ماوەتەوە. دوای 20 ساڵ گەڕاینەوە بۆ ناوچەکانمان، کەچی وا دیسان خانووەکانمان دەڕووخێننەوە. من لەدایکبووی ساڵی 1954م، ئەم گوندە لە شەستەکان سووتێنرا، لە حەفتاکان رووخێنرا، لە 1985 تەخت کرا و ئێستاش دیسان دەیڕووخێنن. بۆ ناچنە سەر گەڕەکێکی عەرەبی؟" دانیشتووانی گوندەکان باس لەوە دەکەن کە رووبەڕووی گوشاری بەردەوام دەبنەوە. زریان رەفیق، دانیشتووی گوندی گۆڵدەرە، دەڵێت: "زەویمان هەیە دەیکەین بە گەنم، ناهێڵن هەناردەی بکەین. دەیکەین بە گەنمەشامی، لە بازگەکان رێگریمان لێدەکەن. بیرێک بۆ گوندەکە لێدەدەین، سوپای عێراق داوای 3 هەزار دۆلار دەکات." هەندێک لە هاووڵاتییان، سوپای عێراق بە وەرگرتنی بەرتیل تۆمەتبار دەکەن. هەڤاڵ جەبار، دانیشتووی گوندی حەسار، دەڵێت: "من پارەم نەداوە، بۆیە باخەکەم رووخێنرا. پێمان سەیرە چۆن بەسەر سێ باخدا دەڕۆن و دانەیەکی دیکە دەڕووخێنن." کارزان ئەحمەد، یەکێکی دیکە لە دانیشتووان، باس لەوە دەکات کە لە کاتی رووخاندنەکەدا رووبەڕووی تووندوتیژی بووەتەوە و دەڵێت: "پێنج سەرباز هاتن و خانووەکانیان دەڕووخاند. پێمگوتن ئەمە تانکیی ئاوی ماڵانە، بەڵام قۆڵبەستیان کردم و خستمیانە نێو ئۆتۆمبێل و ویستیان لێم بدەن." زەویی ئەو سنوورە موڵکی گوندنشینەکانە و بۆ کاری کشتوکاڵی بەکاریدەهێنن، بەڵام ماوەیەکە سوپای عێراق رێگرییان لێدەکات و لە رێگەی لیژنەیەکەوە باخ و دووکانەکانیان دەڕووخێنێت.
کوردستان28-09-2026سیمینارێک لە رووداو لێکۆڵینەوە لە رەگ و ریشەی رێکخستنی سیاسی لە رۆژئاوای کوردستان دەکات