رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، پلەی گەرما لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان بۆ 47 تاوەکو 55 پلەی سیلیزی بەرزدەبێتەوە، بۆ خۆپاراستنیش چەند رێنماییەکی بڵاوکردووەتەوە. گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر دەڵێ، بەهۆی جێبەجێنەکردنی ئەو رێنماییانە چەندین رووداوی نەخوازراو روویانداوە.
بەڕێوبەرایەتی گشتیی بەرگری شارستانیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: "بەپێی پێشبینییەکان، لە رۆژانی داهاتوودا پلەی گەرما بە شێوەیەکی بەرچاو بەرز دەبێتەوە بۆ 47 تاوەکو 55 پلەی سیلیزی، لەگەڵ دەرکەوتنی هەوری کەڵەکەبوو (سحب رکامیە) کە دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی ئۆکسجین و خنکانی کەشوهەوا لە زۆربەی ناوچەکاندا".
بەرگری شارستانیی هەرێمی کوردستان ئەم خاڵانەی بۆ پاراستنی هاونیشتمانیان خستووتەڕوو:
- چەرخ و ئەو سپرایانەی پەستانیان بەرزە و لەگەڵ گەرمادا زوو گڕ دەگرن لە ئۆتۆمبێلدا نەبن.
- خواردنەوە گازییەکان و هاوشێوەکانیان لە ئۆتۆمبێلدا نەبن.
- عەتر و پاتری ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان بە گشتی لە ئۆتۆمبێلدا نەبن.
- پێویستە پەنجەرەی ئۆتۆمبێلەکەت بە بڕێکی کەم (سانتیمەترێک) بە کراوەیی بهێڵیتەوە.
- تانکی بەنزینی ئۆتۆمبێلەکەت بە تەواوی پڕ مەکە (تێبینی: لە رووی زانستییەوە ئۆتۆمبێلە نوێیەکان سیستەمی سەلامەتییان هەیە، بەڵام بۆ دڵنیایی زیاتر وا باشترە).
- لە کاتەکانی ئێوارە و شەودا بەنزین لە ئۆتۆمبێلەکەت بکە.
- تاوەکو پێدەکرێت لە کاتەکانی بەیانی و نیوەڕۆدا گەشت بە ئۆتۆمبێل مەکە.
- تایەکانی ئۆتۆمبێلەکەت لە رادەی پێویست زیاتر با (هەوا)ی مەکە، بەتایبەت لە کاتی گەشتکردندا.
- ئاگاداری دووپشک و مار بن: بەهۆی گەرمای تووندەوە لە کونەکانیان دێنە دەرەوە و بۆ دۆزینەوەی شوێنی فێنک روودەکەنە کێڵگە، باخچە و ناو ماڵەکان.
- خواردنەوەی ئاو: بە شێوەیەکی بەردەوام و زۆر ئاو و شلەمەنییەکان بخۆنەوە.
- بوتڵی گاز: دڵنیابن لەوەی بتڵی گازی ماڵەوە لەژێر تیشکی راستەوخۆی خۆردا نەبێت.
- پەستانی کارەبا: ئاگاداری لۆد و پەستانی سەر پێوەری کارەبا بن؛ ساردکەرەوەکان (سپلیت و مکەیف) تەنیا لەو ژوورانەدا داگیرسێنن کە خێزانەکەی لێیە، بەتایبەت لە کاتەکانی تینی گەرمادا.
- دوورکەوتنەوە لە خۆر: بە هیچ شێوەیەک بە شێوەیەکی راستەوخۆ لەبەر تیشکی خۆردا مەمێننەوە، بەتایبەت لە کاژێر 10ـی بەیانی بۆ 3ـی دوای نیوەڕپ.
موقەدەم شاخەوان سەعید، گوتەبێژی بەرگری شارستانیی هەولێر، ئەمڕۆ هەینی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەو رێنمانییانە بۆ پاراستنی هاونیشتمانیان و شۆفێرانە و گرنگە هەمووان پێیەوە پابەندبن".
موقەدەم شاخەوان گوتیشی: "ئەم ساڵ بەهۆی جێبەجێنەکردنی ئەو رێنماییانە و بەنزینی خراپەوە تەنیا لە سنووری ئێمە 64 ئۆتۆمبێل سووتاون".



