رووداو دیجیتاڵ
لە هەرێمی کوردستان 29 منداڵ کە تەمەنیان لەنێوان یەک رۆژ بۆ چوار ساڵیدایە، لە خانەکانی نەوجەوانانی هەولێر، سلێمانی و دهۆک دەژین. لەو ژمارەیە 20یان کوڕن و 9یان کچن، کە زۆربەیان دوای لەدایکبوونیان لەلایەن کەسوکاریانەوە فڕێدراون.
نوێترین حاڵەت، بەرەبەیانی 27ی حوزەیرانی 2026 روویداوە، منداڵێکی ساوای کوڕ لەبەردەم مزگەوتێک لە قەزای بەردەرەش لەگەڵ قوتوویەکی شیردا بەجێهێڵراوە. ئەو منداڵە ئێستا لە خانەی نەوجەوانانی دهۆکە و چارەنووسی نادیارە.
لە خانەی نەوجەوانانی هەولێر، کوڕێکی فریشتە ئاسا پێدەکەنێت و یاری دەکات، ژیانێک کە ملکەچکراوە بە دووربوون لە باوەشی دایک و بابی. نۆ مانگ لەوەی پێش دوای لە دایکبوونی لەبن دیوارێکی نەخۆشخانەی لە دایکبوونی هەولێر فڕێدرابوو.
هەرژین خالید، دایەن لە خانەی نەوجەوانانی هەولێر، دەڵێت: "زۆر حەزی بە باوەشە. ماوەیەکی پێچوو تا لەگەڵمان راهات، بەڵام سوپاس بۆ خودا ئێستا باشە و کاتێک دەڕۆین لە دوامان دەگریێت."
ژینۆ ئازاد، بەڕێوەبەری بەشی کچان لە خانەی نەوجەوانانی هەولێر، ئاماژە بەوە دەکات کە هاتنی منداڵان بۆ خانەکە پێشبینی ناکرێت و دەڵێت: "جاری وا هەبووە لە ماوەی 24 کاژێردا دوو منداڵمان بۆ هاتووە و جاری واش هەبووە ماوەیەکی درێژ کەس نایەت. ئێمە پێمان خۆش نییە هیچ منداڵێک بێتە ئێرە و حەزمان لێیە هەموو منداڵێک لە باوەشی خێزانی خۆیدا پەروەردە بکرێت."
لەلایەکی دیکەوە، خواستێکی زۆر هەیە بۆ وەرگرتنەوەی ئەو منداڵانە لەلایەن خێزانانەوە. لە هۆبەی خێزانی جێگرەوە لە هەولێر، ناوی 167 خێزان تۆمار کراوە کە داوای وەرگرتنی منداڵ دەکەن، تاوەکو ئێستاش شەش خێزان توانیویانە منداڵ وەربگرن.
تابان سدیق، بەڕێوەبەری هۆبەی خێزانی جێگرەوە، دەڵێت: "بەپێی پەیڕەوی ژمارە 5ی ساڵی 2020 کار دەکەین. ئەگەر منداڵێک فڕێدرابێت و هیچ زانیارییەک لەسەر خێزانەکەی نەبێت، دادگە بڕیاری لێدەدات، بەڵام ئەگەر کەسوکاری هەبێت و دەستبەرداری بووبن، ئەوکاتە ئێمە دەتوانین کاری لەسەر بکەین."
پۆلیسی هەرێمی کوردستان بەهۆی هەستیاریی بابەتەکەوە، هیچ داتایەکی فەرمی لەسەر ژمارەی منداڵە فڕێدراوەکان بڵاوناکاتەوە.
کیفاح حەسەن، گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر، رایگەیاند: "ئەوانەی بە ئەنقەست منداڵەکانیان فڕێدەدەن، بەپێی بڕیاری دادوەر و بەپێی ماددەی 29 لە یاسای نەوجەوانان دەستگیر دەکرێن و سزا دەدرێن."



