رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان دەڵێت، هەردوو لایەنی پارتی و یەکێتی بە ئەرێنی وەڵامی دەستپێشخەرییەکەی سەڵاحەدین بەهائەدینیان داوەتەوە و لە رۆژانی داهاتوودا کۆبوونەوەی لووتکە دەکرێت.
رۆژی پێنجشەممە، 09-07-2026 سەڵاحەدین بابەکر، گوتەبێژی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان لە هەژماری فەیسبووکی خۆی رایگەیاند، "کۆبوونەوەی لووتکە لەنێوان پارتی و یەکێتی و ئەو لایەنانەنی فراکسیۆنیان لە پەرلەمان هەیە، دەکرێت".
بە گوتەی سەڵاحەدین بابەکر، "کۆبوونەوەکە کۆتایی بە چەقبەستوویی سیاسیی دەهێنێت و میکانیزمی گونجاو بۆ چۆنیەتی کاراکردنەوەی پەرلەمان و پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت دادەنرێت".
محەممەد هاودیانی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان ئەمڕۆ لە کاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی نیوڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو بە سەنگەر عەبدولڕەحمانی گوت، کۆبوونەوەی لووتکە دەکرێت و "کاک مەسعود و کاک بافڵ بەشداری دەکەن".
ماوەیەکە سەڵاحەدین بەهائەدین، ئەمینداری گشتیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان دەستپێشخەرییەکی راگەیاندووە بۆ ئەوەی پارتی و یەکێتی و لایەنەکانی دیکەیش کۆببنەوە.


