رووداو دیجیتاڵ
بەمەبەستی پێدانی کارتی کۆچەری، پرۆسەی سەرژمێریی خێزانە رەوەندەکانی پارێزگای ئیلام لە رۆژهەڵاتی کوردستان دەستیپێکرد، کە تێیدا سەرجەم زانیارییەکانی تایبەت بە ئەندامانی خێزان، موڵک و ژمارەی ئاژەڵەکانیان تۆمار دەکرێت.
فەرشاد یاسەمی، بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری کۆچەرییەکانی ئیلام، ئەمڕۆ دووشەممە 28ـی ئەیلوولی 2026 رایگەیاند: "بە هاوئاهەنگی لەگەڵ رێکخراوی ئاماری ئێران، سەرژمێریی خێزانە رەوەندەکان دەستیپێکردووە و بۆ ماوەی ساڵێک لە دوو وەرزی کۆچی بەهارە بۆ کوێستان و پاییزە بۆ گەرمیان بەردەوام دەبێت. تاوەکو ئێستاش زانیاریی 400 خێزانی کۆچەر لە سنووری شاری ئابدانان تۆمار کراون."
بەڕێوەبەری کاروباری کۆچەرییەکانی ئیلام روونیکردەوە کە کارتەکە دەدرێتە سەرۆک خێزانەکان و گوتی: "لە نێو کارتەکەدا زانیاریی وردی وەک ناوی ئەندامانی خێزان، ژمارەی ئاژەڵەکان، زەویی کشتوکاڵی، باخ، بیری ئاو و سەرجەم داراییەکانی خێزانەکە جێگیر دەکرێن؛ ئامانج لەم هەنگاوەش رێکخستنی زیاتر و پێشکێشکردنی خزمەتگوزارییە پێیان."
بەپێی ئاماری فەرمیی ئێران، لە پارێزگای ئیلام نزیکەی 10 هەزار خێزانی کۆچەر دەژین کە ژمارەیان دەگاتە 60 هەزار کەس و دابەشی سەر 12 هۆز و 35 تیرە بوون، بەمەش نزیکەی 10%ـی دانیشتووانی پارێزگاکە پێکدەهێنن.
پارێزگای ئیلام یەکێک لە ناوەندە سەرەکییەکانی بەرهەمهێنانی گۆشت و ئاژەڵدارییە لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران؛ کۆچەرەکانی ئەو پارێزگایە خاوەنی زیاتر لە یەک ملیۆن و 400 هەزار سەر مەڕوماڵاتن.

.jpeg&w=3840&q=75)

