رووداو دیجیتاڵ
ساڵانە لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران پێشوازی لە زیارەتکارانی چلەی ئیمامی حوسێن دەکرێت. رێوڕەسمەکە کەمتر لە مانگێکی ماوە، قایمقامی سۆران دەڵێ: "شێوازی پێشوازیکردنمان لە ئێران دەنگدانەوەی هەبووە و زیارەتکاران پێمان سەرسامن؛ چاوەڕوانی زیارەتکاری زیاتر دەکەین."
رەجەب زوبێر، قایمقامی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، ئەمڕۆ چوارشەممە، 8ـی تەممووزی 2026، بە رووداوی راگەیاند: "ئەمساڵیش وەک پێشوو، ئامادەکاریمان بۆ پێشوازی لە زیارەتکاران کردووە و پێشبینی دەکەین ژمارەیان لە پار زیاتر بێت."
بەگوتەی قایمقامی سۆران، ئاسانکارییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و دەروازەی سنووریی حاجی ئۆمەران بۆ زیارەتکارانی چلەی ئیمامی حوسێن، کاریگەریی جەنگ کەمدەکاتەوە و ناهێڵێت ژمارەی زیارەتکاران کەمبکات، بەڵکو پێشبینی دەکەن ژمارەیان لە پار زیاتر بێت.
لەم بارەوە رەجەب زوبێر گوتی: ساڵانە بەشێوازێکی زۆر شایستە پێشوازی لە زیارەتکاران دەکەین و بە میواندۆستیمان سەرسامن، ئەمەش وایکردووە لە زۆربەی شارەکانی ئێران دەنگدانەوەی هەبێ و زیارەتکارێکی زۆرتر روومان تێبکەن.
قایمقامی سۆران روونیکردەوە، ساڵانە لیژنەی ئامادەکاری بۆ پێشوازی لە زیارەتکاران پێکدەهێنرێ، لەوانە کردنەوەی کەمپی گەشتیاری لە گەلی عەلی بەگ وەکو نەریتێکی لێ هاتووە. "تیمەکان کە پێکهاتوون لە بەڕێوەبەرایەتیی گواستنەوە، پۆلیس و بەرگریی شارستانی، ئامادەکاریی تەواویان کردووە."
رەجەب زوبێر ئاماژەی بەوەشکرد، لە رێگەی ئەو پێشوازییە شایستەوە دەمانەوێت پەیامی مرۆڤایەتی، رێزگرتن لە بیروباوەڕە جیاوازەکان و میواندۆستیی نەتەوەی کورد بۆ نەتەوەکانی دیکە بگوازینەوە.
ناساندنی کولتووری کوردی یەکێکی دیکە لە ئامانجەکانیانە و لەم بارەوە قایمقامی سۆران گوتی: "گەنجان و رێکخراوە مەدەنییەکانیش لە ئامادەکارییەکان هاوکارمانن، بەشێکی زۆری تیمەکان بە جلوبەرگی کوردییەوە پێشوازی لە زیارەتکاران دەکەن."


