رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی دەڵێ، تاوەکو ئێستا هیچ کاتێک بۆ کۆبوونەوەی حیزبەکەی و پارتی دیاری نەکراوە؛ ئاماژە بەوەش دەکات کە "کۆبوونەوە بۆ کۆبوونەوە" بەرهەمدار نابێت، ئەگەر هەنگاوی نوێی تێدا نەبێت.
سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لەبارەی ئەگەری کۆبوونەوەی نێوان حیزبەکەی و پارتی دیموکراتی کوردستان، لە بووڵتەنی کاژێر 12:00ی تۆڕی میدیایی رووداودا کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات، رایگەیاند، "تاوەکو ئەم کاتە، بەپێی زانیاریی من، هیچ وادەیەک دیاری نەکراوە بۆ کۆبوونەوەی نێوان یەکێتی و پارتی."
سەعدی پیرە گوتی، دەبێت کۆبوونەوە ئەنجامێکی هەبێت و رایگەیاند، "کۆبوونەوە بۆ کۆبوونەوە نییە؛ کۆبوونەوە بۆ ئەوەیە شتێکی تازە هەبێت، بگەینە ئەنجامێک، بەرەو پێشچوونێک هەبێت. تاوەکو ئێستا بەرەو پێشچوون لە هەڵوێستەکان نییە."
ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی ئاماژەی بەوەش کرد، ئەگەر کۆبوونەوە تەنیا بۆ خۆشکردنی کەشوهەوا بێت، ئەوا "جەوەکەمان ئەوەندە خراپ نییە؛" روونیشی کردەوە کە پەیوەندیی کۆمەڵایەتی و کەسی لە نێوان بەرپرسانی هەردوولادا هەیە و یەکدی دەبینن، بەڵام کێشەکە سیاسییە.
سەعدی پیرە جەختی لەوە کردەوە کە ناکۆکییەکانی نێوان پارتی و یەکێتی مێژوویەکی کۆنیان هەیە و دەگەڕێنەوە بۆ ساڵانی نەوەدەکان. بە گوتەی ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی، "کێشەی نێوان پارتی و یەکێتیی هی دوێنێ و پێرێ نییە، بەڵکو بەلایەنی کەمەوە لە 1991ـەوە ئەو کێشەیە هەر هەبووە."
سەعدی ئەحمەد پیرە هۆشداری دەدات و دەڵێ، "ئەگەر ئێمە خۆمان فریای خۆمان نەکەوین، کاتێک بەخەبەر دێین، درەنگ دەبێت." ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی پێیوایە پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان پێویستی بە یەکڕیزییە و "هیچ کەس لە ئێمە قبووڵ ناکات ئیدارەیەکمان هەبێت کە نەتوانێت هەرێمی کوردستان بپارێزێت."
لەبارەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ تورکیا، سەعدی ئەحمەد پیرە گوتی، "ئەگەر هەیە بافڵ تاڵەبانی سەردانی تورکیا بکات."

