رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ چوارشەممە، 8ـی تەممووزی 2026، دەوڵەتی ئیتاڵیا لە رێوڕەسمێکی تایبەت دا لە شاری هەولێر، بەرزترین پلەی رێزلێنانی فەرمیی خۆی دەبەخشێتە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان.
لە رێوڕەسمەکەدا نیکۆلۆ فۆنتانا، باڵیۆزی ئیتاڵیا لە عێراق، بە نوێنەرایەتیی سێرگیۆ ماتەرێلا، سەرۆککۆماری ئیتاڵیا (مێدالیای ئەستێرەی ئیتاڵیا) دەبەخشێتە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان. مێدالیاکە بەرزترین مێدالیای ئیتاڵیایە بۆ ئەو کەسانەی لە ژیاندان.
مێژووی خەڵاتەکە و گۆڕانکارییەکان
ئەم خەڵاتە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1947، کە ئەوکات بە ناوی (نیشانەی ئەستێرەی هاوسۆزیی ئیتاڵیا) بوو و زیاتر بۆ رێزلێنان بوو لەو کەسانەی لە دوای جەنگی دووەمی جیهانی رۆڵیان لە ئاوەدانکردنەوەی ئەو وڵاتەی ئەورووپادا هەبوو، بەڵام لە ساڵی 2011ـدا، لەسەر دەستی جۆرجیۆ ناپۆلیتانۆ، یازدەیەمین سەرۆککۆماری ئیتاڵیا یاساکە هەموارکرا و ناو و ئامانجەکەی گۆڕدرا.
ئیدی ئامانجی خەڵاتەکە لە ئاوەدانکردنەوەوە بۆ بەرزکردنەوەی شکۆی نیشتمانیی ئیتاڵیا لە دەرەوەی وڵات، گۆڕدرا بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییە دۆستاییەتییەکان و هاوکاریی نێودەوڵەتی. ئەم رێزلێنانە ئێستا بەپێی فەرمانێکی سەرۆکایەتی دەبەخشرێت.
چۆنیەتی هەڵبژاردنی وەرگرانی خەڵاتەکە
پرۆسەی دیاریکردنی وەرگرانی ئەم مێدالیایە زۆر وردە. سەرەتا، وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا ژمارەیەک ناو پێشنیاز دەکات، دواتر ئەنجوومەنێکی 5 کەسی تایبەت بە رێزلێنانەکە کەسێک یان کەسانی شایستە بۆ مێدالیا پێبەخشینەکە یەکلایی دەکاتەوە کە یەکێک لەو 5 کەسە بەرپرسی پرۆتۆکۆلی دیپلۆماسیی سەرۆکایەتیی کۆمارە. پاشان، ناوی بەربژێر یان بەربژێرەکان دەدرێنە سەرۆککۆمار.
ئەم خەڵاتە تەنیا بۆ بواری سیاسی نییە، بەڵکو بۆ رێزگرتنە لەو کەسانەی لە بوارەکانی زانست، تەکنەلۆژیا، چالاکییە مرۆییەکان، بازرگانی، کولتووری و هونەریش دا رۆڵی بەرچاویان لە پتەوکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئیتاڵیادا گێڕاوە.
پلەکانی مێدالیاکە
سیستمی رێزلێنانەکە لە پێنج پلەی سەرەکی پێکدێت کە بەپێی گرنگی ریزبەندکراون:
سوارچاک: پلەی یەکەم و سەرەتاییە.
ئەفسەر: پلەی دووەم.
فەرماندە: پلەی سێیەم.
ئەفسەری باڵا: پلەی چوارەم.
سوارچاکی خاچی گەورە: ئەمە بەرزترین پلەی نیشانەکەیە کە دەبەخشرێتە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان.
گۆڕانکاری لە شێوە و دیزاینی مێدالیایەکەدا
لە ساڵی 2011ـەوە دیزاینی مێدالیایەکە گۆڕدرا و هێما ئایینییەکانی پێشووی تێدا لابران. ئێستا نیشانەکە بریتییە لە قەڵخانێکی بازنەیی زێڕین، کە پێکدێ کە دروشمی کۆماری ئیتاڵیا و بە رەنگی شین و زێڕین دەورەدراوە، لەگەڵ نووسینی ناوی (ئەستێرەی ئیتاڵیا) بە زمانی ئیتاڵی.
کێ ئەم مێدالیایەی وەرگرتووە؟
تاوەکو ئێستا ژمارەیەک کەسایەتیی ناسراو و کاریگەری جیهان و ئیتاڵیا لە بوارە جیاوازەکان دا ئەم پلەیان وەرگرتووە، لەوانەش:
- ماوریسیۆ ماکری، سەرۆکی ئەرجەنتین لە ساڵانی (2015-2019)
- بۆیکۆ بۆریسۆڤ، سەرۆکوەزیرانی بولگاریا لە ساڵانی (2009-2021).
- جۆش گرین، حاکمی ویلایەتیی هاوایی ئەمریکا لە ساڵانی (2022- ئێستا).
- شارلین لینێت مۆناک، شازادەی مۆناکۆ لە ساڵی 2011ەوە.
- هۆرست زێهۆفەر، سیاسەتڤانی ناسراوی ئەڵمانیا.
- کارلۆ ئەنچێلۆتی، راهێنەری ناسراوی تۆپی پێ کە 5 جار وەک راهێنەر خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپای بردووەتەوە.
- فێرناندۆ ئەلۆنسۆ، پاڵەوانی فۆرمیولا وەن.
- فرانک سیناترا، هونەرمەندی ئەفسانەیی ئەمریکا.
- گرەیس کێڵی، ئەکتەری ئەمریکی براوەی ئۆسکار.
- فوئاد تەوال، پاتریاکی قودس.
- میونگ-وهون چونگ، مایسترۆ و پیانۆژەنی ناوداری کۆریای باشوور.
- جەیمی ئۆلیڤەر، چێشتلێنەری ناسراوی بەریتانی کە رۆڵێکی گەورەی لە ناساندنی خواردنی ئیتاڵی هەبووە.
نێچیرڤان بارزانی و ئیتاڵیا؛ دوو دەیە لە دیپلۆماسیی کاریگەر
پەیوەندییەکانی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئیتاڵیا گوزارشت لە هاوبەشییەکی ستراتیژیی قووڵ لەنێوان هەولێر و رۆمادا دەکەن کە لە زیاتر لە 25 ساڵی رابردوودا پێشکەوتنی بەرچاویان بە خۆیانەوە بینیووە و هەرێمی کوردستانیان وەک هێزێکی رێزلێگیراو لەسەر ئاستی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هێشتووەتەوە. ژمارەیەک لە کۆبوونەوە کاریگەرەکانی نێچیرڤان بارزانی لە ماوەی ئەم دوو دەیەدا ئەمانە بوون:
- لە ساڵی 2015 و لە ئەنجامی کۆبوونەوەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیرانی ئەوکاتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ماتیۆ رێنزی، سەرۆکوەزیرانی ئەوکاتی ئیتاڵیا، بڕیارێکی ستراتیژی درا، ئەویش گۆڕینی نووسینگەی دیپلۆماسیی ئیتاڵیا بوو لە هەولێر بۆ کۆنسووڵخانەی گشتی. ئەم هەنگاوە بووە وەرچەرخانێکی مێژوویی لە بەهێزکردنی پەیوەندییە سیاسی و ئابوورییەکانی نێوان هەولێر و رۆمادا.
- لە 13ی نیسانی 2023دا نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و جۆرجیا میلۆنی، سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا لە رۆما کۆبوونەوە و جەختیان لە فراوانکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان کردەوە. میلۆنی پابەندیی وڵاتەکەی بۆ درێژەدان بە پشتگیریکردنی هەرێمی کوردستان دووپاتکردەوە و سەقامگیریی هەرێمی کوردستانی وەک هۆکارێکی گرنگ بۆ پاراستنی ئارامی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست ناوبرد.
- لە ئایاری ساڵی 2026دا سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە سەردانێکی فەرمیی دوو رۆژەدا بۆ ئیتاڵیا، زنجیرەیەک کۆبوونەوەی باڵای ئەنجامدا. لە 18-5-2026دا لەگەڵ گویدۆ پرۆسێتۆ، وەزیری بەرگریی ئیتاڵیا کۆبووەوە. نێچیرڤان بارزانی لە 19-5-2026یش لەلایەن سێرگیۆ ماتەرێلا، سەرۆککۆماری ئیتاڵیاوە بە رێوڕەسمێکی شایستە پێشوازی لێکرا و لەگەڵ ئەنتۆنیۆ تایانی، وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتەش کۆبووەوە. سەرۆککۆماری ئیتاڵیا پشتیوانیی بەردەوامی وڵاتەکەی بۆ هەرێمی کوردستان دووپاتکردەوە.
