رووداو - دیجیتاڵ
دوانیوەڕۆی سێشەممە، 7ـی تەممووزی 2026، گەنجێکی تەمەن 15 ساڵ لە رووباری خانەقا لە سنووری ناحیەی وەرتێ خنکا. گەنجەکە بە مەبەستی گەشت و سەیران لەگەڵ ماڵباتەکەی چووبووە ناوچەکە و لەکاتی مەلەکردندا گیانی لەدەستداوە.
گەنجەکە ناوی (محەممەد فەلاح)ـە، دوای ئەوەی لەنێو رووبارەکەدا خنکاوە، تیمەکانی بەرگریی شارستانی گەیشتوونەتە شوێنەکە و تەرمەکەیان دەرهێناوەتەوە.
کاروان میراودەلی، بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی سۆران بە رووداوی راگەیاند: "تەرمی گەنجەکە لەلایەن تیمەکانمانەوە لە رووبارەکە دەرهێنراوە و رەوانەی پزیشکی دادوەریی سۆران کراوە."
بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی سۆران ئاماژەی بەوەش کرد، بەم رووداوەی ئەمڕۆوە، ژمارەی حاڵەتەکانی خنکان لەمساڵدا لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بۆ پێنج حاڵەت بەرزبووەوە.
ناحیەی وەرتێ کە سەر بە قەزای رواندزە لە ئیدارەی سۆران، بەهۆی هەبوونی رووبار و ناوچەی شاخاوی، ساڵانە لە وەرزی هاویندا گەشتیارێکی زۆر رووی تێدەکەن، بەرگریی شارستانیش بەردەوام هۆشداری دەداتە گەشتیاران کە لەو شوێنانەی بۆ مەلەکردن گونجاو نین، نەکەونە نێو ئاوەکەوە.

