رووداو دیجیتاڵ
دوای نوێژی هەینی، 25-09-2026، لە شارۆچکەی پێنجوێن رووداوێکی دڵتەزێن روویدا، کاتێک دوو کەس لە ئەنجامی کەوتنەخوارەوەیان بۆ نێو تانکەرێکی گازی شل گیانیان لەدەستدا.
رووداوەکە لەکاتی کارکردندا بووە، یەکێک لە قوربانییەکان ناوی نەبەرد جەبارە، تەمەن 30 ساڵ، خەڵکی پێنجوێنە و خاوەنی منداڵێکە. قوربانیی دووەم ناوی ئارام سەعیدییە و خەڵکی شاری مەریوانی رۆژهەڵاتی کوردستانە، ئەویش تەمەنی نزیکەی 30 ساڵە و خاوەنی منداڵێک بووە.
سەروەر یەدوڵڵا، خاڵۆزای نەبەرد، بە رووداوی گوت: "نەبەرد و ئارام سەرقاڵی ئایزۆگامکردنی سەقفی کابینەیەک بوون، لەناکاو ئاگریان گرتووە و هەردووکیان کەوتوونەتە نێو تانکەرە گازەکەوە و سووتاون."
محەممەد عەبدولرەحمان، ئامۆزای یەکێک لە قوربانییەکان، دەڵێت، "دووکانێکی گازیان لە نزیک مەرزەکە هەبوو، کاتێک گەیشتم، گوتیان دوو کەس لەنێو ئاگرەکەدان و تاوەکو ئاگرەکە کۆنترۆڵکرا، نەدۆزرانەوە."
هاوکات رەفیق سەعید، کە هاوڕێی قوربانییەکان بووە و لە نزیک شوێنی رووداوەکە بووە، باسی لەوە کرد، "کاتێک گڕەکەم بینی، بە خێرایی چوومە لایان و هاوارم کرد ئایا کەس لە کابینەکەدا ماوە، بەڵام کەس وەڵامی نەدایەوە. تانکەرەکە گڕی گرتبوو و ئاگرەکە بۆ سەر کابینەکەش گواسترابووەوە."

.jpg&w=3840&q=75)
.jpg&w=3840&q=75)