رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی تەندروستی بڕیارێکی دەرکرد و تێیدا هۆشداری دەداتە سەرجەم نەخۆشخانە تایبەتەکان کە نابێت بە هیچ شێوەیەک و بە پاساوی "پاکتاوی دارایی"، تەرمی ئەو کەسانەی گیان لەدەستدەدەن، رابگرن.
بەپێی نووسراوێکی فەرمی کە واژۆی د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستانی لەسەرە و ئاراستەی نەخۆشخانەکانی کەرتی تایبەت کراوە، لە کاتی گیانلەدەستدانی هەر نەخۆشێکدا، دەبێت دەستبەجێ و بێ دواکەوتن تەرمەکە رادەستی کەسوکاری بکرێتەوە.
لە نووسراوەکەدا هاتووە: "نابێت بە بیانووی نەبوونی خەرجی نەخۆش یان تەواونەکردنی پاکتاوی خەرجی لەگەڵ نەخۆشخانە، تەرم رابگیرێ و دەستبەسەر بکرێ."
وەزارەتی تەندروستی ئاماژەی بەوەش کردووە، پرۆسەی رادەستکردنەوەی تەرم دەبێت بەپێی یاسا و رێنماییەکانی دادپزیشکی بێت.
وەزیری تەندروستی هۆشداریی دەداتە نەخۆشخانەکان و رایدەگەیێنێت، لە کاتی پابەندنەبوون بەم رێنماییە و هێشتنەوەی تەرم بەهۆی پارەوە، رێکاری یاسایی بەرامبەر سەرپێچیکاران دەگیرێتەبەر.




