رووداو دیجیتاڵ
لە ئەنجامی وەرگەڕانی پاسێک لە رێگەی مەهاباد – میاندواو لە پارێزگای ورمێ 23 کەس بریندار بوون.
رۆژی دووشەممە، 6ـی تەممووزی 2026، هاونیشتمانییەک لە شاری مەهاباد بە رووداوی راگەیاند: "کاژێر 5ـی بەرەبەیانی ئەمڕۆ لەسەر رێگەی سەنجاق نزیک لە مەهاباد پاسێک وەرگەڕا و لە ئەنجامدا 23 کەس بریندار بوون."
ئەو هاونیشتمانییە ئاماژەی بەوەشکرد: "ئەو کەسانەی لە رووداوەکەدا برینداربوون کرێکارن و لە کاتی رووداوەکەدا بۆ سەر کار دەچوون."
هاوکات حەمید مەحبووبی، بەڕێوەبەری مانگی سووری پارێزگای ورمێ رایگەیاند: "تیمەکانی فریاکەوتن بە خێرایی چوونە شوێنەکە و بریندارەکان بۆ نەخۆشخانە گوێزرانەوە."
حەمید مەحبووبی گوتیشی: "هۆکاری رووداوەکە دیار نییە و لێکۆڵینەوە لەلایەن پۆلیسی هاتووچۆوە دەستی پێ کردووە."
بەپێی پزیشکیی دادی ئێران، ساڵی رابردوو 19 هەزار و 540 کەس بە رووداوی هاتووچۆ لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان گیانیان لەدەستدابوو.




