رووداو دیجیتاڵ سەرۆک مەسعود بارزانی پەیامێکی سەرەخۆشی بۆ کۆچی دوایی پێشمەرگەی دێرین، کازم شانەدەری بڵاو کردەوە و رایگەیاند، خەبات و کۆڵنەدانی ئەو پێشمەرگەیە وانەیەکی پڕبەهایە بۆ هەموو تێکۆشەرانی کوردستان. رۆژی یەکشەممە، 5ـی تەممووزی 2026، سەرۆک مەسعود بارزانی،لە پەیامەکەدا ئاماژەی بە مێژووی خەباتی ئەو تێکۆشەرە کردووە کە پێشمەرگەی کۆماری کوردستان بووە لە مەهاباد، یەکێک بووە لە یاوەرانی مەلا مستەفا بارزانی بۆ یەکێتیی سۆڤیەت و هەروەها پێشمەرگەی هەردوو شۆڕشی ئەیلوول و گوڵان بووە. سەرۆک بارزانی لەبارەی رۆڵ و دڵسۆزیی ئەو پێشمەرگەیەوە دەڵێت: "کازم شانەدەری قوتابی و شوێنکەوتووی رێبازی بارزانی، لەو قارەمانانە بوو کە هەموو ساتەکانی ژیانی خۆی بۆ دۆزی رەوای گەلی کوردستان تەرخان کرد." لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، سەرۆک بارزانی جەخت لە گرنگیی تێکۆشانی ئەو کەسایەتییە دەکاتەوە و وەک وانەیەک ناوی دەبات و دەڵێت: "ژیان و کۆڵنەدان و بەردەوامیی ئەو لە خەبات دا وانەیەکی پڕبەهایە بۆ هەموو تێکۆشەر و نیشتمانپەروەرانی کوردستان." لە کۆتایی راگەیێندراوەکەدا، سەرۆک بارزانی پرسە و سەرەخۆشیی خۆی ئاراستەی خانەوادە، کەسوکار و ئاشنایانی خوالێخۆشبوو و هەموو پێشمەرگە و خەباتگێڕانی کوردستان دەکات و دەڵێت: "خۆم بە هاوبەشی خەمیان دەزانم. لە خوای گەورە داواکارم رۆحی خوالێخۆشبوو کازم شانەدەری بە بەهەشتی بەرین شاد بکات و سەبر و ئارامی بە هەموو لایەک ببەخشێت."