رووداو دیجیتاڵ
لە پڕۆژەیەکدا کە لەلایەن سەرۆکی لیژنەی یاسایی لە یەکێتیی پەرلەمانتارانی کوردستانەوە ئامادەکراوە، پێشنیازی دامەزراندنی "ئەنجوومەنی سیاسیی هەرێمی کوردستان" دەکرێت، وەک چارەسەرێک بۆ کۆتاییهێنان بە پەرتەوازەیی سیاسی و دروستکردنی گوتارێکی نیشتمانیی یەکگرتوو.
پڕۆژەکە، کە لەلایەن کاردۆ محەممەد، سەرۆکی لیژنەی یاسایی لە یەکێتیی پەرلەمانتارانی کوردستان ئامادەکراوە، ئاماژە بەوە دەکات، دوای زیاتر لە 30 ساڵ لە ئەزموونی حوکمڕانی، هێشتا نەتوانراوە قۆناخی "شەرعییەتی شۆڕشگێڕی" بەتەواوی تێپەڕێنرێت بۆ "رەوایەتیی یاسایی و دەستووری"، ئەمەش بەهۆی کۆمەڵێک هۆکاری ناوخۆیی و دەرەکییەوە بووە.
بەپێی پڕۆژەکە، نەبوونی چوارچێوەیەکی سیاسیی هاوبەش لەنێوان لایەنە سەرەکییەکاندا، بۆشاییەکی سیاسیی گەورەی دروستکردووە و قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستانی ڕووبەڕووی "مەترسیی جیددی" کردووەتەوە.
ئامانجەکانی ئەنجوومەنی سیاسی
پڕۆژەکە شەش ئامانجی سەرەکی بۆ دامەزراندنی ئەنجوومەنەکە دیاری کردووە:
1. پەسندکردنی دەستوور: ئامادەکاری بۆ پەسندکردنی دەستوورێکی سەردەمیانە کە بنەمای جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان و مافی پێکهاتەکانی تێدا مسۆگەر بکرێت.
2. یەکخستنی گوتار بەرامبەر بەغدا: داڕشتنی کارنامەیەکی ستراتیژیی یەکگرتوو بۆ نوێنەرانی هەرێم لە دامەزراوە فیدراڵییەکاندا.
3. پاراستنی پێگەی هەرێم: رێگری لە هەر هەوڵێک بۆ لاوازکردنی پێگەی دەستووریی هەرێمی کوردستان.
4. چارەسەرکردنی تەنگژە ناوخۆییەکان: یەکلاکردنەوەی ململانێ سیاسییەکان لەنێو ئەنجوومەنەکەدا، پێش ئەوەی بگەنە ئاستی دامەزراوە شەرعییەکان.
5. یەکخستنی هێزە چەکدارەکان: پشتگیریکردنی پڕۆژەی یەکخستنی هێزەکانی پێشمەرگە لەژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگە و رێکخستنەوەی هێزەکانی ئاسایش و پۆلیس.
6. هەموارکردنی یاسای هەڵبژاردن: بە ئامانجی بەهێزکردنی دامەزراوەی پەرلەمان.
بەپێی پڕۆژەکە، ئەندامانی سەرەکیی ئەنجوومەنەکە لە رێبەری ئەو لایەنە سیاسییانە پێکدێت کە لە پەرلەمانی کوردستاندا کورسییان هەیە. سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنەکەش بۆ ئەو لایەنە دەبێت کە زۆرینەی دەنگەکانی لە دوایین هەڵبژاردنی گشتیی کوردستاندا بەدەستهێناوە.
بڕیارە چارەنووسسازەکان بە "کۆدەنگی" یان بە "زۆرینەی متمانەپێکراوی (2/3)ی دەنگەکان" دەدرێن، بۆ ئەوەی لە سیاسەتی پەراوێزخستن دووربکەونەوە.
لە کۆتایی پڕۆژەکەدا هاتووە، ئامانجی بنەڕەتی گۆڕینی هەرێمی کوردستانە "لە کۆمەڵە حیزبێکی ململانێکارەوە بۆ قەوارەیەکی دامەزراوەیی دەستووری کە بتوانێت بەرگەی گۆڕانکارییە خێراکانی ناوچەکە بگرێت و ببێتە خاوەنی گوتارێکی نەتەوەیی و نیشتمانیی یەکگرتوو."




.jpg&w=3840&q=75)