رووداو دیجیتاڵ
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان،
بەبۆنەی 250ـەمین ساڵیادی سەربەخۆیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، پەیامێکی
پیرۆزبایی ئاراستەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و گەلی ئەو وڵاتە کرد.
رۆژی شەممە، 4ـی تەممووزی 2026، نێچیرڤان
بارزانی لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکسدا رایگەیاند: "لە 250ـەمین ساڵیادی
راگەیاندنی سەربەخۆییدا، گەرمترین پیرۆزبایی خۆم ئاراستەی سەرۆک دۆناڵد ترەمپ و
گەلی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەکەم."
سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بە وانە
مێژووییەکانی ئەمریکا کردووە و دەڵێت: "وانە نەمرەکەی ئەمریکا ئەوەیە کە
ئازادی، پێویستی بە شتێکی زیاترە لە هێز. ئازادی پێویستی بە دەستوور،
دامەزراوەکان، هاوسەنگیی فیدراڵی، و رەزامەندیی گەلی ئازاد هەیە."
نێچیرڤان بارزانی ئەو پرەنسیپانەی ئەمریکای
بە داهاتووی عێراق و هەرێمی کوردستانەوە گرێداوەتەوە و نووسیویەتی: "لە
کاتێکدا هەرێمی کوردستان و عێراق چاویان لە هاوبەشییەکی بەهێزترە لەگەڵ ویلایەتە
یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ئێمە بڕوامان وایە هەمان پرەنسیپ بۆ داهاتووی عێراقیش بە
بنەڕەتی دەمێنێتەوە؛ دەبێت سەقامگیری لەسەر بنەمای پابەندبوون بە دەستوور،
فیدراڵیزم، و پاراستنی تەواوەتیی ماف و پێگەی هەرێمی کوردستان لەنێو دەستووری
عێراقدا بێت."
لە کۆتایی پەیامەکەیدا، سەرۆکی
هەرێمی کوردستان پێزانینی خۆی بۆ رۆڵ و هاوکارییە بەردەوامەکانی واشنتن دەربڕیوە و
دەڵێت: "ئێمە بە پێزانینەوە دەڕوانینە دۆستایەتی و سەرکردایەتیی ئەمریکا،
هەروەها پاڵپشتییە بەردەوامەکانی بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق."



