رووداو - دیجیتاڵ
گەنجێکی 20 ساڵە لە هەولێر بە فیشەکێک دایکی خۆی کوشت. کەسوکاری بکوژەکە دەڵێن کوڕەکەیان "نەخۆشیی دەروونی" هەبووە و ناشزانرێت کە چۆن گەنجێکی ئاوا دەستی بە چەک گەیشتووە.
ئەمە دوایین ماڵاواییە لەگەڵ تەرمی نەورۆز نامیقی تەمەن 55 ساڵ؛ ئەو ژنەی دوانیوەڕۆی هەینی لە ناو ماڵەکەی خۆیدا لە لایەن کوڕە 20 ساڵەکەیەوە کوژرا.
راستی عومەر، کە یەکێکە لە خزمە نزیکەکانی خێزانەکە، وردەکاریی دۆخی بکوژەکە بۆ رووداو باس دەکات و دەڵێت: "ئەو کوڕە ماوەیەکی زۆرە تووشی نەخۆشیی دەروونی بووە، زۆر هەوڵمان لەگەڵ داوە و بردوومانە بۆ لای چەند مامۆستایەکی ئایینی؛ ماوەیەک باش دەبوو بەڵام دواتر دیسان دەچووەوە سەر دۆخی پێشووی. دوانیوەڕۆ لە ناو ماڵدا فیشەکێکی بە دایکییەوە ناوە و دەمانچەکەی هەر لە تەنیشت تەرمەکە داناوە و بۆ خۆی هاتووەتە بەردەم دەرگا و دانیشتووە."
کێ چەکی پێداوە؟ بکوژەکە بچووکترین منداڵی خێزانەکەیە و دوو خوشک و برایەکی گەورەتری هەیە، باوکی شۆفێری تاکسییە و رۆژی رووداوەکە لە ماڵ نەبووە. ئێستا هەموو خێزانەکە لە بەردەم پرسیارێکی بێ وەڵامدان؛ بۆچی دایکی کوشت و ئەو چەکەی لە کوێ بووە؟
خالید نامیق، برای قوربانییەکە، بە دڵێکی پڕ لە حەسرەتەوە دەڵێت: "نازانین ئەسڵی بابەتەکە چییە، باوکیشی نازانێت. خزمەکانمان هەمووان سەرسامین کە چۆن ئەو دەمانچەیە کەوتووەتە دەستی؟ کێ پێی داوە؟ ئەمە پێویستی بە روونکردنەوەی جیدی هەیە. ئەم کوڕە باری دەروونیی جێگیر نییە و تەمەنی گچکەیە، دەبێت بزانرێت چۆن چەکی بۆ دابین کراوە."
دوای رووداوەکە، هێزەکانی پۆلیسی هەولێر دەستبەجێ گەیشتنە شوێنی تاوانەکە و بکوژەکەیان دەستگیر کرد. ئێستا پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ رووداوەکە کراوەتەوە و بکوژەکە لە ژێر لێکۆڵینەوەدایە.
ئێوارەی ئەمڕۆ، دوای تەواوبوونی رێکارە یاساییەکان و خوێندنی نوێژی مردوو، تەرمی نەورۆز نامیق لە گۆڕستانی بنەسڵاوە بە خاک سپێردرا.
