رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ژووری بازرگانیی مێردینی باکووری کوردستان دەڵێ، بۆ کردنەوەی دەروازەی سنووری نسێبین ئامادەن و چاوەڕێی رێککەوتنی نێوان بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر و حکومەتی سووریا دەکەن.
هاتیب چەلیک، سەرۆکی ژووری بازرگانیی مێردین بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئێمە ئامادەین بۆ کردنەوەی دەروازەی سنووریی نێوان نسێبین و قامیشلۆ، بەڵام بۆ ئەم هەنگاوە چاوەڕێی رێککەوتنی حکومەتی سووریا و کورد دەکەین."
سەرۆکی ژووری بازرگانیی مێردین ئاماژەی بەوەش کرد، پێویستە حکومەتی سووریا و بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر بگەنە رێککەوتن و ژێرخانی دەروازەکە ئامادە بکەن، "چونکە ئێستا دەروازەکە لەو بەشەدا ژێرخانی پێویستی نییە."
هاتیب چەلیک باسی لە سەردانەکەی هەفتەی رابردووی خۆی بۆ دیمەشق کرد و گوتی، لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی سووریا پرسی کردنەوەی دەروازە سنوورییەکەیان تاوتوێ کردووە.
چەلیک ئاشکرای کرد کە داوایان لە حکومەتی سووریا کردووە کار بۆ کردنەوەی دەروازەی سنووریی "دەرباسییە"ش بکەن، بەو پێیەی ئەو دەروازەیە بە هێڵی شەمەندەفەرەوە بەستراوەتەوە و "گرنگییەکی بازرگانیی زۆری هەیە."

