رووداو - دیجیتاڵ
لەکاتێکدا هێزە ئەمنییەکان لە ئۆپەراسیۆنێکی درەنگوەختدا باندێکی بەرتیلخۆریان لە خاڵی گومرگی دارەمان دەستگیرکرد، بەڵام شۆفێران دەڵێن هێشتا "پارەی خاوە" و ئاستەنگەکان وەک خۆیان ماون و رێکارەکان هیچ گۆڕانکارییەکیان بەسەردا نەهاتووە.
درەنگی شەو لە نێو خاڵی گومرگی دارەمان لەسەر رێگەی کەرکووک - هەولێر، هێزەکانی ئاسایشی نیشتمانی و تیمی دەستەی دەستپاکی، 5 فەرمانبەری خاڵەکەیان لە کاتی وەرگرتنی بەرتیلدا دەستگیرکرد. ئەو فەرمانبەرانە بڕی زیاتر لە 1,200,000 دیناریان لە 5 شۆفێر وەرگرتبوو تاوەکو بەبێ ئاستەنگ و پشکنین رێگەی تێپەڕبوونیان پێبدەن.
سەرەڕای دەستگیرکردنی ئەم باندە، شۆفێرانی بارهەڵگر دەڵێن دۆخەکە وەک خۆیەتی و تەنانەت ئاستەنگی زیاتریشیان بۆ دروست دەکرێت. دلاوەر ئیسماعیل، شۆفێرێکی خەڵکی هەولێرە و داوای رێکخستنەوەی مامەڵەکان دەکات و دەڵێت: "دەمانەوێت هەندێک هاوکاریمان بکەن لە گومرگ؛ هەر شۆفێرێک خۆی بچێت مامەڵەی خۆی بکات و تەنیا پارەیەکی رەمزییان لێ وەربگیرێت."
بەشێک لە شۆفێرانی دیکە باس لەوە دەکەن کە بۆ هەر هەنگاوێکی نێو گومرگەکە دەبێت بڕە پارەیەک وەک بەرتیل بدەن. عەبوود مەحەممەد، شۆفێرێکی خەڵکی بەغدایە و دەڵێت: "ئەوەیان 5 هەزاری دەوێت، ئەوی تریان 2 هەزار و ئەوەی دیکەشیان 4 هەزار؛ لەو لای تریشەوە دەبێت 2 هەزار بدەیت تەنیا بۆ ئەوەی بارەکەت بپشکنن."
فەلاح عەلی، کە شۆفێرێکی خەڵکی سامەڕایە، ئاماژە بە دەستگیرکردنی فەرمانبەرەکان دەکات و دەڵێت: "ئەوەتا ئەوانە بە بەڵگەوە و لە کاتی وەرگرتنی بەرتیلدا گیران، واتا کارەکانیان پاک نەبووە و بۆیە دەستگیرکراون."
کێشەی 'بارکۆد' و رێگری لە بەرهەمی ناوخۆ حاتەم خدر، شۆفێرێکی دیکەی سامەڕایە و بارەکەی کەرەستەی خۆماڵییە و لە هەولێرەوە هێناویەتی، ئەو دەڵێت زیاتر لە 1,700,000 دیناری وەک گومرگ داوە، کەچی هێشتا رێگەی تێپەڕبوونی پێنادرێت. حاتەم بە تووڕەییەوە دەڵێت: "ئەمە حاڵی گومرگە، دەبێت تاوەکو 2ی شەو چاوەڕێی کرێکار بکەیت، لەو لاوە 5 هەزار بدەیت و بۆ فۆرمەکەش 5 هەزاری دیکە بدەیت، کەچی لە کۆتاییدا دەڵێن بڕۆ ناتوانیت تێپەڕیت چونکە بارکۆدت نییە؛ ئاخر من بارکۆد لەکوێ بهێنم؟"
دوای دەستگیرکردنی ئەو گرووپە بەرتیلخۆرە، راییبوونی کاروبارەکان لە خاڵە گومرگییەکە ئێجگار زەحمەت بووە و شۆفێران لە نێوان رێکارە ئاڵۆزەکان و وەرگرتنی پارەی نایاساییدا گیرییان خواردووە.
پێویستیی یەکخستنی پێناسی گومرگی شارەزایان و لایەنە پەیوەندیدارەکان پێیان وایە چارەسەری بنەڕەتی بۆ ئەم کێشەیە تەنیا لە یەکخستنی پێناسی گومرگی و هەڵگرتنی ئەم خاڵە نێوخۆییانەدایە. دکتۆر عومەر مامۆ، سەرۆکی ژووری بازرگانیی کەرکووک، لەبارەی چارەسەری کێشەکەوە بە رووداوی راگەیاند: "دەبێت یاسای یەکگرتووی گومرگ لە عێراق دەربچێت، بۆ ئەوەی ئەو گومرگەی بازرگانەکان لە هەر دەرچەیەکی عێراقییەوە دەیدەن و ئەو پسوڵەیەی وەری دەگرن، لە هەموو عێراقدا وەک یەک بێت و کاری پێ بکرێت."
ئەم خاڵە گومرگییانە و وەرگرتنی پارەیەکی زۆر لە شۆفێران، کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر بازاڕ دروست کردووە؛ ئەم ئاستەنگانە وایان کردووە نرخی کاڵا و شتوومەکەکان لە بازاڕدا زۆر زیاتر بێت بەراورد بە نرخی سەرەکیی هاوردەکردنیان لە سەرچاوەی خۆیەوە.
