رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی دەروازەی سێمالکا رایدەگەیێنێت، رێکارێکی نوێ بۆ مۆرکردنی پاسپۆرتی ئەو هاووڵاتییە بیانییانە چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە، کە دەچنە رۆژئاوای کوردستان و دەشڵێت: "گەشتیاران دەتوانن لە دەروازەکە راستەوخۆ مۆڵەتی تێپەڕبوون وەربگرن."
سەرچاوەیەکی تایبەت لە بەڕێوەبەرایەتیی دەروازەی سنووریی سێمالکا (نێوان رۆژئاوا و باشووری کوردستان) بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە رۆژی چوارشەممە، 1ی تەممووزەوە، بڕیاری مۆرکردنی پاسپۆرتی هاووڵاتییە بیانییەکان لە کاتی چوونە ژوورەوەیان بۆ ناو خاکی رۆژئاوای کوردستان بە فەرمی جێبەجێ دەکرێت.
سەرچاوە ئیدارییەکەی دەروازەی سێمالکا بۆ رووداو روونیکردەوە، ئەم رێکارە نوێیە تەنیا ئەو هاووڵاتییە بیانییانە دەگرێتەوە کە هەڵگری رەگەزنامەی سووری نین؛ لە کاتی چوونە ژوورەوەیان بۆ رۆژئاوای کوردستان پاسپۆرتەکانیان مۆر دەکرێت.
سەبارەت بەو هاووڵاتییە سوورییانەی کە پاسپۆرتی بیانییان هەیە، سەرچاوەکە ئاماژەی بەوە کرد، ئەوان ئەم بڕیارە نایانگرێتەوە و لە کاتی تێپەڕبوونیان لە سنوور، پاسپۆرتەکانیان مۆر ناکرێت.
دەربارەی شێوازی تێپەڕبوونی گەشتیاران و کەمکردنەوەی رۆتین، سەرچاوەکە بە رووداوی گوت: "گەشتیاران لە هەر وڵاتێک بن، دەتوانن راستەوخۆ لە دەروازە سنوورییەکە مۆڵەتی تێپەڕبوون وەربگرن، ئەمەش بە مەبەستی ئەوەی بەبێ دواکەوتن و بە شێوەیەکی خێرا کارەکانیان بۆ رایبکرێت و تێپەڕ بن."
دەروازەی سێمالکا دەکەوێتە نێوان باشوور و رۆژئاوای کوردستان، جگە لە هاتووچۆی گەشتیاران، دەروازەی جموجۆڵی بازرگانیی نێوان هەردوو پارچەکەی کوردستانە.


