رووداو دیجیتاڵ
تۆڕی میدیایی رووداو لە هۆڵی رۆشنبیری و هونەریی قەزای رواندز، بە بەشداریی چەندین بەرپرس، هونەرمەند و کەسایەتییەکانی ناوچەکە، رێوڕەسمێکی بۆ نمایشکردنی بەڵگەفیلمی (ئاوازی خەرەند)ـی رێکخست، کە باس لە ژیان و بەرهەمە هونەرییەکانی مامۆستا زرار محەممەد مستەفا دەکات.
رێوڕەسمەکە رۆژی چوارشەممە، 1ـی تەممووزی 2026، بەڕێوە چوو. ئاکۆ محەممەد، بەڕێوەبەری گشتیی تۆڕی میدیایی رووداو لە رێوڕەسمەکە دا گوتارێکی پێشکێش کرد و تیشکی خستە سەر رۆڵی گرنگی مامۆستا زرار و تیپی پاشای گەورە لە قۆناخە سەختەکان دا و گوتی: "لەو کاتەی رژێمی عێراق بە پلانێکی بەربڵاو خەریکی بەعەرەبکردنی زمان و هەستی گوندنشینانی کوردستان بوو، بۆ ئەوەی داگیرکاریی سیاسی بە داگیرکاریی کولتووری تەواو بکات، مامۆستا زرار و ئەو هونەرمەندانەی لەژێر ناوی تیپی پاشای گەورە دا کۆببوونەوە، خەریکی پاراستنی کولتوور و کەلەپووری کوردی بوون."
بەڕێوەبەری گشتیی تۆڕی میدیایی رووداو ئاماژەی بەوەش کرد، کە رواندز لە ساڵانی حەفتا و هەشتاکاندا بەهۆی مامۆستا زرارەوە ببووە ناوەندێکی هونەری بۆ هەموو بەشەکانی کوردستان و گوتی: "بە رابەرایەتیی ئەو، خۆشترین گۆرانییەکانی ناسر رەزازی، نەجمەدین غوڵامی، عەدنان کەریم و بەهجەت یەحیا تۆمار کران." داواشی کرد ئەم مێژووە ببێتە هاندەر بۆ ئەوەی چرای هونەر لەم دەڤەرە دا بە گەشاوەیی بمێنێتەوە.
هەروەها هەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، باسی لەوە کرد کە مامۆستا زرار بناخەی مێژوویەکی دەوڵەمەندی بۆ شانۆ و مۆسیقا لە رواندز داناوە و گوتی: "ئێمە بیرۆکەی کۆنفرانسێکمان هەیە بۆ پەرەپێدانی ئەو کاریگەرییانەی مامۆستا زرار لە بواری هونەر و پەروەردە دا هەیبووە، تاوەکو رواندز بکەینە چەقی هونەر لەسەر ئاستی کوردستان."
هەر لە رێوڕەسمەکەدا، ئەحمەد قادر، قایمقامی رواندز، مامۆستا زراری بە "مۆمی رووناککردنەوەی رۆشنبیری" ناو برد کە لە سەردەمێکی تاریک دا هونەری کردبووە چەکێک بۆ پاراستنی شوناسی نەتەوەیی.
ئامانج غازی، کە گوتاری تیپی مۆسیقای پاشای گەورەی پێشکەش کرد، سوپاسی تۆڕی میدیایی رووداوی کرد بۆ بەرهەمهێنانی ئەم بەڵگەفیلمە و رایگەیاند، ئەوان ویستوویانە ئەم نەریتە بشکێنن کە تەنیا لە کاتی کۆچی دوایی یادی کەسایەتییەکان بکرێتەوە، بەڵکو لە ساڵیادی لەدایکبوونی مامۆستا زرار دا شانازی بە کارەکانییەوە دەکەن.
بەڵگەفیلمی (ئاوازی خەرەند) بەرهەمی تۆڕی میدیایی رووداوە و کاژێر 17:00ـی ئێوارەی رۆژی چوارشەممە لە رێوڕەسمێکی جەماوەری و هونەری دا لە رواندز پەخش کرا.
ژیاننامەی زرار محەممەد مستەفا
زرار محەممەد مستەفا، لە ئەیلوولی 1937 لە رواندز لەدایک بووە، لە ناوەڕاستی پەنجاکانی سەدەی رابردوو تێکەڵ بە کاری سیاسی و حیزبایەتی بوو، لە 1956 چووە ریزەکانی یەکێتیی قوتابییانی کوردستان، لە 1957 بووەتە ئەندامی پارتی دیموکراتی کوردستان.
لە 1960 بووەتە پێشمەرگە و بەشداری لە شۆڕشی ئەیلوول دا کردووە، لە ئایاری 1965 سێ مانگ لە گرتووخانەی هەولێر بەند کرا.
لە 1971 لەگەڵ چەند هاوڕێیەکی دیکە یەکەمین تیپی مۆسیقایان لە شاری رواندز دامەزراند. پاشان لە 1977 تیپی مۆسیقای پاشای گەورەی لە رواندز دامەزراند و بووە بەرپرسی لقی رواندزی کۆمەڵەی هونەر و وێژەی کوردی.
لە 1981 بە شێوەیەکی نهێنی بووە ئەندامی یەکێتیی هونەرمەندانی کوردستان، لە 1986 تیپی شانۆی شەهید شلێری دامەزراند، لە 1987 لەسەر داوای خۆی خانەنشین کراوە، لە 1994 بووە مامۆستا و تاوەکو 2005 جارێکی دیکە خانەنشین کراوە.
لە 2005 لە رێوڕەسمێک دا، بە بۆنەی 40 ساڵەی خەباتی هونەری، پەیکەرێکی بۆ دروست کرا و پەردەی لەسەر لا درا، یەکەمین هونەرمەندی کورد بوو کە لە ژیان دا بێت و پەیکەری بۆ دروست بکرێت.
مامۆستا زرار لە 07-12-2021، لە تەمەنی 84 ساڵی دا کۆچی دوایی کرد.
.jpg&w=3840&q=75)
.jpg&w=3840&q=75)
