رووداو دیجیتاڵ
دانیشتووانی گوندی ترکەشی پیرانشار داوا دەکەن قوتابخانەی گوندەکەیان نۆژەن بکرێتەوە و سیستمی گەرمکەرەوەی بۆ دابین بکرێ.
رۆژی یەکشەممە، 20ی ئەیلوولی 2026، هاونیشتمانییەک لە گوندی ترکەش بە رووداوی راگەیاند: "قوتابخانەی گوندەکەمان کابینەیە و بۆ خوێندن گونجاو نییە."
ئەو هاونیشتمانییە گوتی:"ناوچەکەمان کوێستانییە و سەرما زوو دەگات، بەڵام قوتابخانەکە سیستمی گەرمکەرەوەی نییە و ئەوەش دەبێتەهۆی نەخۆشکەوتنی منداڵەکان لە وەرزی سەرمادا."
هاونیشتمانییەکە ئاماژەی بەوەشکرد: "تاوەکو ئێستا چەندین جار داوامان لە بەرپرسان کردووە کە قوتابخانە بۆ گوندەکەمان دروست بکەن یان ئەوەی کە هەیە نۆژەن بکەنەوە، بەڵام هیچ وەڵامێکمان وەرنەگرتووە."
هاونیشتمانییەکە دەشڵێت: "کاتی دەستپێکردنی قوتابخانەیە و نازانین چۆن منداڵەکانمان بنێرینە ئەو قوتابخانەیە کە هیچ مەرجێکی تەندروستی تێدا نییە."
دانیشتووانی گوندەکە داوا دەکەن ئاوڕێک لە گوندەکە بدرێتەوە و قوتابخانەیەکی گونجاویان بۆ دابین بکرێ.
گوندی ترکەش 110 ماڵە و نزیکەی سەد قوتابی لە گوندەکەن هەن.
وەرزی خوێندن لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان رۆژی 23ی ئەم مانگە دەستپێدەکات. بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی پەروەردەی ئێران، لە ساڵی نوێی خوێندندا نزیکەی 16 ملیۆن قوتابی لە 123 هەزار قوتابخانە و لەنێو 665 هەزار پۆلی خوێندندا دەست بە خوێندن دەکەن.




