رووداو دیجیتاڵ
پێشبینی دەکرێ شەپۆلێکی بارانبارین بەشێکی تورکیا و باکووری کوردستان بگرێتەوە.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسیی تورکیا پێشبینییەکانی کەشوهەوای تورکیا و باکووری کوردستانی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، پێشبینی دەکرێ ئەمڕۆ 20ـی ئەیلوولی 2026 لە پارێزگاکانی ئیدر، ئاگری، ئەردەخان، ئەرزەڕۆم و قەرس لە باکووری کوردستان باران ببارێ.
وەک کەشناسیی تورکیا دەڵێ، پێشبینی دەکرێ لە پارێزگاکانی ئارتڤین، ریزە، ترابزۆن، گیرەسون، ئۆردو، سامسون، بایبورت و گوموشهانەش باران ببارێ.
ئەگەری دروستبوونی لافاو لە پارێزگاکانی قەرس، ئەردەخان و ئەرزەڕۆم دەبێت و تێکڕای پلەی گەرمای ئەو پارێزگایانەش باران تێیاندا دەبارێ لەنێوان 11-22 پلەی سیلیزی دەبێ. ئەمە لە کاتێکدایە لە رۆژانی رابردوودا پلەی گەرمای ئەم پارێزگایانە لە نێوان 16-28 پلەی سیلیزی بوو.
کەشناسی تورکیا لە پێشبینییەکانیدا ئەوەشی خستووەتەڕوو کە پلەی گەرما لە پارێزگاکانی دیکەی باکووری کوردستان لەنێوان 26-36 پلەی سیلیزی دەبێ.



