رووداو دیجیتاڵ
دروێنەکردنی بەروبوومە کشتوکاڵییەکان لە زەوی کشتوکاڵیی جەیلانپنار سەر بە پارێزگای رووهای باکووری کوردستان، کە وەک گەورەترین زەویی کشتوکاڵیی یەکپارچە لە جیهان دادەنرێت، بە بەشداریی 238 دەڕاسە بەڕێوەدەچێت.
لەم پڕۆسەیەدا تاوەکو ئێستا دروێنە لە رووبەرێکی 400 هەزار دۆنم کۆتایی هاتووە و کارکردن لە 54 هەزار دۆنمی دیکەش بەردەوامە.
بەهۆی فراوانیی زەوییە کشتوکاڵییەکەوە ساڵانە لە وەرزی دروێنەدا جگە لەو 238 دەڕاسەیە، 136 بارهەڵگر و 1200 کرێکار بە شێوەیەکی چڕ کاردەکەن و پرۆسەی دروێنە زیاتر لە مانگێک دەخایەنێت.
عوسمان کارسڵی، جێگری بەڕێوەبەری زەوییە کشتوکاڵییەکە دەڵێت: "ئێمە لە 31ـی ئایاری 2026ـەوە بە دروێنەی جۆ دەستمان بە کارەکانمان کرد. لە سەرانسەری ئەم شوێنەی ئێمە دروێنەی لێدەکەین، لەسەر رووبەری 636 هەزار و 697 دۆنم زەوی چاندنی گەنم، جۆ و نیسک چێندراوە."
بەهۆی بارانبارینی باشەوە لەم وەرزەی بارانباریندا، تێچووی ئاودێری کەمبووەتەوە و پێشبینی دەکەن بەرهەمهێنان بە رێژەی 25% بەراورد بە ساڵی رابردوو بەرزبێتەوە.
هاوکات لە ئێستاوە ئامادەکاری بۆ چاندنی گەنمەشامی وەک بەرهەمی دووەم لەسەر رووبەری زیاتر لە 106 هەزار دۆنم دەستیپێکردووە.
کۆی گشتیی رووبەری زەوییەکە 1,635,928 دۆنمە. 62%ی ئەم زەوییە بۆ چاندنی دانەوێڵە، 28%ی بۆ لەوەڕگا تەرخانکراوە، بەشەکەی دیکەشی بۆ باخ و بەرهەمهێنانی وێنجە تەرخان کراوە.
کێڵگەکە لە ساڵی 1937 بە ناوی (بەڕێوەبەرایەتیی گرووپی رووها) دامەزرا، لە ساڵی 1950دا ناوی گۆڕدرا بۆ (کێڵگەی بەرهەمهێنانی دەوڵەت)، پاشان لە ساڵی 1984دا ناوی (دامەزراوەی کشتوکاڵی) سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی دامەزراوە کشتوکاڵییەکانی تورکیای وەرگرت.
لە شوێنەکەدا ئاژەڵداریش دەکرێ و بەخێوکردنی مانگا بۆ گۆشت و زاوزێی تێدا بەڕێوەدەچێت.
گەورەترین دامەزراوەی بەخێوکردنی مانگا لەسەر ئاستی تورکیا کە خاوەنی سیستمی دۆشینی خولاوەی تەواو ئۆتۆماتیکییە، لەم شوێنەدایە.
هەروەها ئەم زەوییە یەکێکە لە ناوەندە گرنگەکانی بەخێوکردنی مەڕی عەواسی و بزنی شامی کە بەرگەی کەشوهەوای گەرم و وشک دەگرن. ساڵانە بە دەیان هەزار بەرخ و کار لەم ناوەندەدا لەدایک دەبن.
لەم دامەزراوەیەدا بۆ پاراستنی بەرهەمەکان، کۆگای سایلۆ بە توانای 191 هەزار تۆن بۆ هەڵگرتنی بەرهەمەکان هەیە.
.jpg&w=3840&q=75)

.jpg&w=3840&q=75)
