رووداو دیجیتاڵ لە گوندی (کەوی بابەسن)ی سەر بە قەزای قەڵادزێ، 26 ساڵە قوتابییان لەنێو خانوویەکی قوڕدا دەخوێنن کە مەترسیی داڕمانی لەسەرە. قوتابییەکان باس لەوە دەکەن کە بەهۆی نەبوونی پۆلی حەوت، ناچارن بۆ درێژەدان بە خوێندن روو لە شوێنەکانی دیکە بکەن، بەڕێوەبەری قوتابخانەکەش دەڵێ، داوای دروستکردنی قوتابخانەیەکی نوێیان کردووە، بەڵام وەڵامیان نەدراوەتەوە. کەوسەر عەلی، قوتابییەکی قوتابخانەکەیە و دەڵێ، "خوێندن لێرە زۆر ئەستەم و ناخۆشە، بەتایبەتی لە وەرزی زستاندا هەموو لایەک تەڕ دەبێت و ناچارین خۆمان بیسڕینەوە. جێگەی دانیشتنمان نییە، سەرمایە و ساردە." لەم قوتابخانەیەدا، نزیکەی 25 قوتابی لە پۆلی یەک تاوەکو شەشی بنەڕەتی دەخوێنن. ئەو قوتابییانەی قۆناخی شەش تەواو دەکەن، دەبێ ئاوارە و هەڵوەدای رێگەی دووربن بۆ ئەوەی لە کاروانی خوێندن دانەبڕێن. مەحەممەد ئازاد، قوتابییەکی دیکەیە و دەڵێ، "دەبێ بچمە ماڵی نەنکم لە قەڵادزێ و لەوێ بخوێنم. هاوڕێکانی دیکەشم لێرەوە بەپێ بۆ خوێندن دەبێ بچنە ژاراوە، لەبەرئەوەی لێرە پۆلی حەوتی لێ نییە." هەرچەندە لە ساڵی 2013ـەوە لەلایەن پەروەردەی پشدەرەوە دەرخستەی دروستکردنی قوتابخانەیەکی شەش پۆلی بۆ وەزارەتی پەروەردە بەرزکراوەتەوە، بەڵام بە پاساوی قەیرانی دارایی، تاوەکو ئێستا داواکارییەکەیان بێ وەڵام ماوەتەوە. ئومێد خدر، بەڕێوەبەری قوتابخانەی بابەسەن، باس لەوە دەکات کە هێشتا سیستمی تێکەڵکردنی پۆلەکانیان هەیە و دەڵێت، "لە هیچ شوێنێکی کوردستاندا شێوازی تێکەڵکردنی پۆل نەماوە، تەنیا لە قوتابخانەکەی ئێمە نەبێت. دوو پۆل پێکەوە تێکەڵ دەکرێن و ماوەی وانەکە دابەشی دوو دەکرێت. فێنککەرەوەشمان نییە و بە هەموو قوتابخانەکە یەک موبەریدەمان هەیە، ویژدانم قبووڵ ناکات لە ژووری ئیدارە دایبنێم و قوتابییەکان لە پۆلدا گەرمایان بێت." گوندی کەوی بابەسن، بە دووریی نزیکەی حەوت کیلۆمەتر دەکەوێتە باشووری قەڵادزێ و زیاتر لە 40 ماڵی تێدایە. تەنیا شتێک لەم قوتابخانەیەدا نوێ بێت، ئاڵای کوردستانە و 26 ساڵیشە لەژێر ئەم ئاڵایەدا قوتابییانی گوندەکە بە سەدان گرفت و دەردەسەری لەم کەلاوەیەدا وانەکانیان دەخوێنن.
کوردستان19-09-2026کەرکووک.. خاوەنی 11 دووکان ناچارکران بەڵێننامە بۆ رووخاندنی دووکانەکانیان واژۆ بکەن
کوردستان19-09-2026نێچیرڤان بارزانی: دەبێت بەغدا بەتەواوەتی پشکی هەرێمی کوردستان لە یاسای بودجەدا جێگیر بکات