رووداو دیجیتاڵ
حەمدی ئولکایا، گەورە سەرمایەداری کورد لە ئەمریکا و دامەزرێنەری براندی جیهانیی (چۆبانی) بۆ شیرەمەنی، بە پێنج ملیۆن دۆلار بووە سپۆنسەری یانەی ئەرزنگانی باکووری کوردستان.
یانەی ئەرزینگان سپۆر، لە وەرزی 2026-2027دا بە لۆگۆی کۆمپانیای (چۆبانی) لەسەر درێسەکانی یاری دەکات.
حەمدی ئولکایا، دامەزرێنەر و بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای چۆبانی، گرێبەستێکی پاڵپشتیی دارایی بە بڕی پێنج ملیۆن دۆلار بۆ وەرزی داهاتوو لەگەڵ یانەی ئەرزنگان سپۆر واژۆ کرد.
حەمدی ئوڵوکایا، بازرگانی ملیاردێر و دامەزرێنەری براندی (چۆبانی)، دوای تەواوبوونی گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەی فەنەرباخچەی تورکیا، ئێستا لەگەڵ یانەکەی زێدی خۆی کە ئەرزنگان سپۆرە، رێککەوتووە.
ئەو بازرگانە ناودارە کە لە سەرەتای ئەم ساڵدا بە سێ ملیۆن و 150 هەزار دۆلار هاوکاریی یانەی شارەکەی کرد، بۆ وەرزی نوێ ئاستی هاوکارییەکانی بەرزتر کردەوە و بەڵێنی پێنج ملیۆن دۆلاری وەک سپۆنسەری و پاڵپشتی بە یانەکە دا.
بەم شێوەیە ئەرزنگان سپۆر لە وەرزی 2026-2074دا لۆگۆی چۆبانی لەسەر درێسی یاریزانانی چاپ دەکات.
یانە سوور و رەشەکە لە وەرزی رابردووی خولی پلە دووی تورکیادا ئاستێکی ناجێگیری هەبوو و بە کۆکردنەوەی 51 خاڵ، لە پلەی 11ی خولەکە بوو.
ئێستا هەمووان چاوەڕێن بزانن ئەم بودجەی حەمدی ئوڵوکایا چۆن کاریگەری لەسەر ئاستی ئەو یانەیەی باکووری کوردستان دەبێت.
حەمدی ئوڵوکایا کێیە؟
حەمدی ئوڵوکایا، دامەزرێنەر و بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای چۆبانییە کە یەکێکە لەو کۆمپانیایانەی لە نزیکەی 10 ساڵی رابردوودا خێراترین گەشەی لە ئەمریکا بەخۆیەوە بینیوە.
ئوڵوکایا ساڵی 1972 لە شارۆچکەی (نەهالێ زەلال) سەر بە پارێزگای ئەرزنگانی باکووری کوردستان لە خێزانێکی بەرهەمهێنەری بەرهەمە شیرەمەنییەکان لەدایکبووە.
دوای ئەوەی بۆ فێربوونی زمانی ئینگلیزی چووە ئەمریکا، کارگەیەکی داخراوی ماستی لە باکووری نیویۆرک کڕی و لە کەمتر لە پێنج ساڵدا فرۆشی ساڵانەی بۆ زیاتر لە 1 ملیار دۆلار بەرزکردەوە.
دیدگەی ئوڵوکایا بۆ چۆبانی گۆڕانکارییەکی ریشەیی هێنایە ئاراوە، بەتایبەتی لە پیشەسازیی خۆراک.
ئەو کارسازە بە چەندین شێواز هاوکاری ئەو کەسانەی کردووە کە پێویستییان پێی بووە. لە ساڵی 2015دا بەشێکی سامانەکەی بۆ دۆزینەوەی چارەسەر بۆ قەیرانی جیهانیی پەنابەران تەرخان کرد و دواتریش دامەزراوەی (خێوەت)ی راگەیاند بۆ پێشکێشکردنی چارەسەری باشتر بۆ ئەو کەسانەی لە سەرانسەری جیهاندا ئاوارە بوون.
حەمدی ئوڵوکایا ساڵی 2014 لە کاتی هێرشی داعشدا لە رێگەی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بڕی دوو ملیۆن دۆلار هاوکاریی بەخشییە ئاوارەکانی کۆبانێ.
ئوڵوکایا لە ساڵی 2017 بەهۆی شێوازی جیاوازی سەرکردایەتی لە جیهانی کار و کارەکانی لە بواری قەیرانی پەنابەران، لە لیستی 100 کەسایەتی گۆڤاری تایمی ئەمریکا هەڵبژێردرا.


