رووداو - دیجیتاڵ
ئاکرێ یەکێکە لە کۆنترین شارۆچکەکانی عێراق و بە پایتەختی نەورۆز دەناسرێت، بەڵام ئێستا شەپۆلێکی چۆڵکردن بەرۆکی گرتووە. لە ماوەی تەنیا 6 مانگی رابردوودا، زیاتر لە 200 خێزان بەهۆی بێکاری و نەبوونی خزمەتگوزارییەوە، شارەکەیان جێهێشتووە و بەرەو هەولێر و دهۆک باریان کردووە.
کاماڤ فەرزندە، دارتاشێکی خەڵکی ئاکرێیە. ئەو دوای ساڵانێک کارکردن، ناچار بوو لەگەڵ دایکی و 4 براکەی بە یەکجاری ئاکرێ جێبهێڵێت و لە دهۆک نیشتەجێ ببێت. کاماڤ دەڵێت ئەم بڕیارە تەنیا بۆ پەیداکردنی بژێوی ژیان بووە.
کاماڤ فەرزندە لەبارەی هۆکاری کۆچەکەی بە رووداوی راگەیاند: "بۆمان دەرکەوت کە لە ئاکرێ کار بەرەو نەمان دەچێت. پڕۆژەی گەورە و وەبەرهێنان نییە و ئەو کەسانەی کارمان بۆ دەکردن بازرگانییەکەیان فراوان نەدەبوو، بۆیە ناچار بووین بڕۆین."
گەڕەکەکانی ئاکرێ چۆڵ دەبن لە ماوەی 10 ساڵی رابردوودا شەپۆلێکی کۆچکردن لە ئاکرێوە بەرەو هەولێر و دهۆک دەستیپێکردووە. تەنیا لە گەڕەکی "کۆچینا حەسەن بەدۆ"، لە ماوەی 6 مانگی رابردوودا 15 خێزان باریان کردووە. موحسین مەحەممەد، موختاری گەڕەکەکە، دەڵێت زۆربەی ئەو خێزانانە هەژار و کرێنشینن.
موختار لەبارەی دۆخی گەڕەکەکەی دەڵێت: "ئەوانەی بار دەکەن کار لە ئاکرێدا شک نابەن. هۆکارەکەشی بێخزمەتگوزاری و کەمیی پڕۆژەی وەبەرهێنان و ئاوەدانکردنەوەیە، تەنانەت کەرتی گەشتیاریش لە ئاکرێ کز بووە."
بەپێی ئەو ئامارانەی دەست رووداو کەوتوون، لە شەش مانگی ساڵی 2026 نزیکەی 200 خێزان لە ئاکرێ باریان کردووە، پار ساڵیش لەنێوان 400 بۆ 450 خێزان. هەر خێزانێک بیەوێت بار بکات، دەبێت سەرەتا لە رێگەی سکاڵانووسەکانەوە داواکاریی رەزامەندی پێشکەشی قایمقامییەت بکات.
ئیسماعیل سەعید، سکاڵانووسە و دەڵێت: "لە مانگی 6دا و دوای تەواوبوونی وەرزی خوێندن، زیاتر لە 20 داواکاریی ماڵبارکردنم بۆ خەڵک نووسیوە." هەروەها ئەمجەد سەعید، سکاڵانووسێکی دیکە، ئاماژە بەوە دەکات کە رۆژانە مامەڵەی کۆچکردن بۆ هەولێر و دهۆک رێکدەخەن.
فراوانبوونی شار و بێ خزمەتیی ئاکرێ سەرەڕای ئەوەی چەندین شوێنی شوێنەواری و گەشتیاریی ناوازەی هەیە، بەڵام بەشێک لە گەڕەکە کۆنەکانی بەرەو چۆڵبوون دەچن. لە لایەکی دیکەوە، شارەکە لە رووی جوگرافییەوە فراوان بووە و لە چەند ساڵی رابردوودا 22 گوند هاتوونەتە ناو سنووری شارەوانیی ئاکرێ، بەڵام ئەو ناوچانەش لە کەمیی خزمەتگوزاری دەناڵێنن.



