رووداو دیجیتاڵ
بەدواداچوونێکی تۆڕی میدیایی رووداو دەریدەخات کە رێژەی سەوزایی لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان زیادی کردووە. دەستەی وەبەرهێنانیش مەرجی ئەوەی بۆ وەبەرهێنەران داناوە کە دەبێت رێژەی سەوزایی پڕۆژەکانیان لە 20% کەمتر نەبێت.
رۆژی دووشەممە، سەرۆکی شارەوانیی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "رێژەی سەوزایی لە سەنتەری پارێزگای هەولێر نزیکەی 19%ـیە و بەراورد بە سێ ساڵی رابردوو زیادی کردووە."
هەولێر رێژەی ستاندارد لە سەوزایی تێدەپەڕێنێت
کارزان عەبدولهادی دەڵێت: "رێژەکە بەردەوام لە زیادبوونە، چونکە کۆمەڵێک پڕۆژەی نوێ بەم دواییانە کاریان لەسەر کراوە، وەکو یەکتربڕی شەقامی 150 مەتری، شەقامی 120 مەتریی هەولێر-موسڵ، پارکی رەشید، شەقامی شۆڕش و فڕۆکەخانە و کۆمەڵێک پڕۆژەی دیکە." بەڵام روونی نەکردەوە کۆی گشتیی رووبەرەکە چەند کیلۆمەتر دووجایە.
پشتێنەی سەوزایی لە هەولێر وەک یەکێک لە پڕۆژە کاریگەرەکانی زیادبوونی سەوزایی شارەکە دەبینرێت. بە گوتەی کارزان عەبدولهادی، قۆناخی یەکەمی نزیکە لە تەواوبوون و بەم زووانە کارە یاسایی و هونەرییەکانی قۆناخەکانی دیکەش دەست پێ دەکرێت و هەموو هەوڵیان ئەوەیە لە کاتی خۆی دا پڕۆژەکە تەواو بکەن.
بەپێی پێوەرە نێودەوڵەتییەکان، رێژەی سەوزایی شارەکان نابێت لە 20% کەمتر بێت و پێویستە بۆ هەر تاکێک بە لایەنی کەمەوە 9 مەتر چوارگۆشە سەوزایی هەبێت.
"ئەگەر پشتێنەی سەوزایی لە هەولێر تەواو بێت، رێژەی سەوزایی دەگاتە نزیکەی 25%، بەمەش ئاستی ستانداردی جیهانی بۆ رێژەی سەوزایی تێدەپەڕێنێت."
سەنعان عەبدوڵڵا، گوتەبێژی دەستەی ژینگەی هەولێر، رۆژی یەکشەممە بە رووداوی گوت: "رێژەی سەوزایی بەگوێرەی ستانداردی جیهانی دەبێت لە نێوان 20% بۆ 25% بێت، بەڵام ئەگەر پشتێنەی سەوزایی لە هەولێر تەواو بکرێت، بە دڵنیاییەوە ئەو ئاستە تێدەپەڕێنێت."
سلێمانی لە یەک ساڵ دا پێنج باخچەی نوێ کراونەتەوە
بە گوتەی بەڕێوەبەری باخچەکانی سلێمانی، شارەکە 143 ملیۆن مەتر دووجایە، لەو رووبەرە 23.6%ـی سەوزاییە. ئەم رێژەیەش دەرخەری ئەوەیە کە سەوزایی لە سلێمانی زیادی کردووە.
بەهرۆز سالار، رۆژی یەکشەممە بە رووداوی راگەیاند: "بەگوێرەی نوێترین داتاکان ئێستا 522 باخچە، 85 بلوار (نێوانی جادە و شەقامەکان) و 7 پارکی گەورە لە سلێمانی هەن کە بەشێکیان تازە تەواو کراون."
بەڕێوەبەری باخچەکانی سلێمانی گوتی: "لە یەک ساڵی رابردووەوە تاوەکو ئێستا، دوو باخچەمان لە گەڕەکی ئیبراهیم ئەحمەد، دوو باخچە لە گەڕەکی سێتوان و باخچەیەکمان لە گەڕەکی زەرگەتە تەواو کردووە."
بەهرۆز سالار گوتیشی: "یەکتربڕی تۆفیق وەهبی لە بازنەی مەلیک مەحموود کە لە 12 پارچە پێک دێت، کاری ئاودێرییەکەی تەواو بووە و بەم زووانە دەست بە سەوزکردن دەکەین."
رێژەی سەوزایی لە هەڵەبجە 13%ـیە
لەبارەی هەڵەبجەشەوە، سەلام بیلال، سەرۆکی شارەوانیی هەڵەبجە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "رێژەی سەوزایی لە سەنتەری پارێزگا 13%ـیە، بەڵام لە پشتێنەی سنووری شارەکە سەوزایی و رووەکی سرووشتیی زۆرە و ئەگەر ئەوانیش هەژمار بکرێن، رێژەکە زیاترە."
سەرۆکی شارەوانیی هەڵەبجە دەڵێت: "بەراورد بە ساڵانی رابردوو رێژەی سەوزایی زیادی کردووە، بەڵام هێشتا کەمە، چونکە کۆمەڵێک کەموکوڕیمان هەیە؛ وەک کەمیی فەرمانبەری تەرخانکراو، کەمیی بودجە و کەمیی سەرچاوە ئاوییەکان."
سەلام بیلال ئاماژەی بەوەش کرد، سەرەڕای کێشە و گرفتەکان، پلان و پڕۆژەیان زۆرە بۆ زیادکردنی رێژەی سەوزایی کە تاوەکو ئێستا جێبەجێ نەکراون.
دهۆک لە ساڵێک دا رێژەی سەوزایی 2% زیادی کردووە
لە پارەوە تاوەکو ئێستا، رێژەی سەوزایی لە دهۆک نزیکەی 2% زیادی کردووە. شێروان حەسەن، گوتەبێژی شارەوانیی دهۆک، بە رووداوی راگەیاند: "رێژەی سەوزایی لە ناوەندی شاری دهۆک نزیکەی 15%ـیە و بەردەوام لە زیادبوونە."
شێروان حەسەن گوتی، لە ماوەی یەک ساڵی رابردوودا پارکی سەرهەڵدان لە دهۆک دروست کراوە کە رووبەرەکەی 1 ملیۆن و 575 هەزار مەتر دووجایە و ئێستاش سەرقاڵی تەواوکردنی پارکێکن بە ناوی (ئالوک) کە بە تەواوبوونی ئەو پارکە رێژەکە زیاتر دەبێت.
گوتەبێژی شارەوانیی دهۆک ئاماژەی بەوەش کرد، بەهۆی پەرەسەندنی کارگەکان و زیادبوونی ژمارەی ئۆتۆمبێلەوە ژینگە و هەوای شارەکان گۆڕانکارییان بەسەر دا دێت و بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو بابەتە هەوڵ دەدەن رووبەری سەوزایی زیاتر بکەن.
دەستەی وەبەرهێنان: دەبێت 20-40%ـی پڕۆژەکان بکرێنە سەوزایی
گوتەبێژی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "یەکێک لە مەرجەکانی مۆڵەتدان بە پڕۆژەکانی وەبەرهێنان و یەکەی نیشتەجێبوون ئەوەیە کە دەبێت وەبەرهێنەران 20% بۆ 40%ـی پڕۆژەکانیان سەوزایی بێت."
بە گوتەی بەرگەشت ئاکرەیی، بەشێک لە پڕۆژەکانی وەبەرهێنان لە هەولێر رێژەی سەوزاییان سەروو 40%ـە. "لە کۆی نزیکەی 280 پڕۆژەی وەبەرهێنان کە لە 20 ساڵی رابردووەوە تاوەکو ئێستا تەواو کراون، بەشێکی زۆریان رێژەی یاسایی هەبوونی سەوزاییان تێدا رەچاو کراوە."
ئاکرەیی ئاماژەی بەوەش کرد: "ئێمە وەک دەستەی وەبەرهێنان لەگەڵ ئەوەی مەرج و رێنماییمان هەیە بۆ مۆڵەتدان، هاوکات هانی وەبەرهێنەران دەدەین کە لە زیادکردنی رێژەی سەوزایی لە هەرێمی کوردستان هاوکاریی حکومەت بکەن."
گوتیشی: بەشێک لە خاوەن پڕۆژەکانی هەولێر بەشدارن لە هەڵمەتی پشتێنەی سەوزایی.



