رووداو دیجیتاڵ
هۆشیار زێباری دەڵێت، "کوردستانی عێراق قەڵای ئازادی و دیموکراسییە لە عێراقدا.. بەڵام بە هیچ شێوەیەک نابێتە پەناگە بۆ تاوانباران، دزانی سامانی گشتی و گەندەڵکاران".
بەرەبەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە، 29-6-2026، هۆشیار زێباری، ئەندامی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە X پەیامێکی بڵاوکردەوە.
لە پەیامەکەیدا هاتووە، "کوردستانی عێراق قەڵای ئازادی و دیموکراسییە لە عێراقدا. هەرێمەکە پەناگە بووە و هەمیشە وەک پەناگەش دەمێنێتەوە بۆ تەواوی ئازادیخوازانی عێراق و ئەوانەی بەهۆی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤەوە چەوسێندراونەتەوە و ئەشکەنجە دراون، بەڵام بە هیچ شێوەیەک نابێتە پەناگە بۆ تاوانباران، دزانی سامانی گشتی و گەندەڵکاران".
چی روویداوە؟
رۆژی یەکشەممە، هێزە ئەمنییەکانی عێراق بە فەرمانی سەرۆکوەزیران هەڵمەتێکی تووند و کتوپڕیان لە دژی گەندەڵی دەستپێکرد، کە بە گەورەترین ئۆپەراسیۆنی لەو شێوەیە لە مێژووی نوێی وڵاتەکەدا دادەنرێت. هێزەکانی دژەتیرۆر (CTS) بە تەواوی ناوچەی سەوزی بەغدایان گەمارۆدا و سەرجەم دەروازەکانیان داخست، پێش ئەوەی دەستبکەن بە جێبەجێکردنی فەرمانی دەستگیرکردن بۆ دەیان بەرپرسی باڵا و کەسایەتی سیاسی کاریگەر کە تۆمەتبارن بە بەهەدەردانی سامانی گشتی.
لە قۆناخی یەکەمی ئەم ئۆپەراسیۆنەدا لانی کەم 47 کەسایەتی دیار دەستگیرکران کە لە نێوانیاندا پەرلەمانتار، سەرۆکی کوتلە سیاسییەکان و بازرگانی گەورە هەن. بەپێی سەرچاوە ناوخۆییەکان، پارێزبەندیی یاسایی لەسەر چەندین پەرلەمانتار وەک موسەننا سامەڕایی، عالیە نوسەیف و حەسەن خەفاجی لادراوە و رەوانەی لێکۆڵینەوە کراون. ئەم هەڵمەتە بەرفراوانە دوای ئەوە هات کە عەدنان جومەیلی، بریکاری پێشووی وەزارەتی نەوت کە مانگی رابردوو دەستگیرکرابوو، دانپێدانانی مەترسیداری لەسەر تۆڕێکی گەورەی گەندەڵی ئاشکرا کرد.
حکومەتی عێراق جەختی کردووەتەوە کە ئەم رێکارانە تەنیا سەرەتای قۆناخی یەکەمە و "لێپێچینەوە لە گەندەڵکاران لە سەرجەم دامەزراوەکانی دەوڵەتدا بێ جیاوازی و بە تووندی بەردەوام دەبێت".


.jpg&w=3840&q=75)
.jpeg&w=3840&q=75)