رووداو دیجیتاڵ
وەزیری تەندروستیی عێراق رایگەیاند، لەگەڵ وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان نەخشەڕێگەیەک بۆ باشترکردنی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان دادەڕێژن. وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستانیش دەڵێت، هاوئاهەنگییەکان بۆ یەکخستنی رێنماییەکانی دەرمان و شێرپەنجە پتەوتر دەکەن.
ئەمڕۆ یەکشەممە 28ـی حوزەیرانی 2026، عەبدولحوسێن مووسەوی، وەزیری تەندروستیی عێراق سەردانی هەولێری کرد و لەگەڵ سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە. دواتر لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیی هاوبەشدا باسیان لە ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەیان کرد.
عەبدولحوسێن مووسەوی، وەزیری تەندروستیی عێراق رایگەیاند، "لە کەشێکی برایانە و دۆستانە گفتوگۆمان لەبارەی کۆی بەربەستەکانی بەردەم پرسی تەندروستی کرد و بڕیارماندا نەخشەڕێگەیەک دابڕێژین بۆ کارئاسانیی زیاتر و باشترکردنی دۆخی خزمەتی تەندروستی و پتەوکردنی پەیوەندییەکانی هەردوو وەزارەت."
وەزیری تەندروستیی عێراق ئاماژەی بەوە کرد، باسیان لە بابەتی دەرمان و هاوتاکردنی پرسی بیمەی تەندروستی بۆ پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان کردووە، هاوشێوەی پارێزگاکانی دیکەی عێراق. گوتیشی، "سەرەتا لە نەجەف و کەربەلا دەستپێدەکەین و دواتر بەسرە و ناسریە دەگرێتەوە. هەفتەی داهاتووش دوو پارێزگای هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە."
مووسەوی جەختی لەوەش کردەوە، باسیان لە کاراکردنەوەی نوێنەرایەتیی هەرێمی کوردستان لە وەزارەتی تەندروستیی حکومەتی فیدراڵی کردووە و "هیچ کێشەیەکمان لەگەڵ وەزارەتی تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان نییە و نابێت."
لە لایەن خۆیەوە، سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە کۆبوونەوەکەدا باسیان لە رەوشی تەندروستیی هەرێمی کوردستان لە هەموو بوارەکاندا کردووە و داتا و ئاماری تایبەتیان پێشکێش کردوون.
سامان بەرزنجی گوتی، "چەند تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکانمان بریتی بوون لە لایەنی کارگێڕی، یاسایی، پێداویستیی دەرمان و پزیشکی، بابەتی ئاوارە و پەنابەران، هەروەها هەژمارکردنی پارێزگای هەڵەبجە وەک چوارەمین پارێزگای هەرێمی کوردستان بۆ دابینکردنی سەرجەم پێداویستییە پزیشکی و تەندروستییەکانی."
وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەش کرد، باسیان لە شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان کردووە لە پڕۆژەیاسای بودجەی عێراقدا، کە پێداویستییەکانی دەرمان، ئامێر و کەرەستەی پزیشکی، پڕۆژە نیشتمانییەکان و قەرز و بەخشینە نێودەوڵەتییەکان دەگرێتەوە.
سامان بەرزنجی هەڵوێستی وەزیری تەندروستیی عێراقی بەرز نرخاند و گوتی، "بە سوپاسەوە هەڵوێستی بەڕێز وەزیری تەندروستی بەرز دەنرخێنین بەوەی هیچ جیاوازییەک ناکات لەنێوان هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان و عێراق. بەڵێنی داوە ئەو بڕگانەی پەیوەندیی راستەوخۆیان بە وەزارەتەکەیەوە هەیە جێبەجێیان بکات و ئەوانەی دیکەش بخاتە رۆژەڤی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق."
هەروەها رایگەیاند، هاوئاهەنگییەکانیان لەبارەی هاوردەکردن و هەناردەکردنی دەرمان و یەکخستنی رێنماییەکانی چارەسەرکردنی شێرپەنجە پتەوتر دەکەن.

.jpg&w=3840&q=75)
.jpeg&w=3840&q=75)
