رووداو دیجیتاڵ
ئاگر لە پووش و پاوانی دەوروبەری شارۆچکەی چەرمیکی ئامەد و شارۆچکەی نوورداغی دیلۆک کەوتەوە و دواتر کۆنتڕۆڵ کرا.
ئاگرەکە، ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە 28ـی حوزەیرانی 2026، لە لەوەڕگەکانی گوندی تەپەی سەر بە شارۆچکەی چەرمیک کەوتەوە، دیار نییە هۆکارەکەی چی بووە، بەڵام بەهۆی خێرایی باوە فراوان بوو، ناوچەیەکی بەرفراوانی دەخڵودان و دارستانی گرتەوە.
دوای ئاگادارکردنەوە، تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتیی دارستانی ئامەد، تیمەکانی گەڕان و رزگارکردنی شارەوانیی چەرمیک، ئاگرکوژێنەوە و جەندرمە رەوانەی ناوچەکە کران و ئاگرەکەیان کوژاندەوە.
هەر ئەمڕۆ لە دارستانەکانی شارۆچکەی نوورداغی دیلۆک ئاگرێک کەوتەوە، دوای دەستوەردانی تیمەکان لە رێگەی وشکانی و ئاسمانەوە، کوژێندرا.
ئاگرەکە لە دارستانەکانی گوندی کرکپنار کەوتەوە. تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی دارستانەکان رەوانەی ناوچەکە کران.
ئاگرەکە بە بەشداریی هێلیکۆپتەرێک، 6 ئۆتۆمبێلی ئاگرکوژێنەوە، 4 تانکەری ئاو، 5 ئۆتۆمبێلی فریاکەوتنی سەرەتایی و 2 ئۆتۆمبێلی دیکەی ئاگرکوژێنەوە کوژێندرایەوە و دەست بە ساردکردنەوەی ناوچەکە کرا.
بەهۆی ئاگرەکەوە، زیان بەر نزیکەی 3 هێکتار لە دارستانی سنەوبەر کەوت. لێکۆڵینەوە لە هۆکاری کەوتنەوەی ئاگرەکە دەستیپێکردووە.
.jpg&w=3840&q=75)
.jpeg&w=3840&q=75)

