رووداو - دیجیتاڵ
بەرەبەیانی شەممە 27ی حوزەیران، دیمەنێکی خەمناک دانیشتووانی گوندی "پەلاسان"ی لە قەزای بەردەرەش هەژاند؛ کۆرپەیەکی تەمەن چەند رۆژە لەبەردەم دەرگای مزگەفتی گوندەکە جێهێڵدراوە. کاتێک سیداد بۆ نوێژی بەیانی دەچێتە مزگەوت، یەکەم کەس دەبێت کۆرپەکە دەبینێت کە بە تەنیشت مەمۆڵەیەکی شیرەوە لە نێو جێگەیەکدا دانراوە.
سیداد شاکر، ئەو شایەتحاڵەی یەکەمجار کۆرپەکەی بینیوە، دەڵێت شیری ناو مەمۆڵەکە هێشتا گەرم بووە، ئەمەش نیشانەی ئەوەیە کە هەر ئەو کاتە لەوێ دانراوە. ئەو بە رووداوی گوت: "کۆرپەکە نەدەگریا و خەوتبوو، سەیری مەمۆڵەکەیم کرد شیرەکەی هێشتا گەرم بوو، دیار بوو هەر ئەوکاتە لەوێ دانرابوو."
پێشمەرگەیەکیش داوا لەخۆگرتنی کۆرپەکە دەکات، فەرهاد شاکر کە پێشمەرگەیە و دانیشتووی هەمان گوندە، دوای بینینی کۆرپەکە بڕیار دەدات بیباتە ماڵەوە و خزمەتی بکات. کۆرپەکە رەگەزی نێرە و تەمەنی تەنیا چەند رۆژێک دەبێت، فەرهاد دەڵێت دەیەوێت وەک منداڵەکانی خۆی بەخێوی بکات.
فەرهاد شاکر لەبارەی هەڵوێستەکەیەوە بە رووداوی راگەیاند: "لە رێگەی خوای گەورە هەڵمگرت و هێنامەوە، تێر شیرم پێدا. پێنج کچ و کوڕێکم هەیە و خانووی خۆمم هەیە، سوپاس بۆ خوا قەرزار نیم و دەتوانم بەخێوی بکەم، تەنیا لەبەر خاتری خێر دەمەوێ وەک منداڵەکانی خۆم مەزنی بکەم."
رێکارە یاساییەکان دوای ئاگادارکردنەوەی لایەنە پەیوەندیدارەکان، بە بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوە کۆرپەکە بۆ نەخۆشخانەی زارۆکبوون لە ئاکرێ گواستراوەتەوە تاوەکو پشکنینی پزیشکیی بۆ بکرێت و تەندروستیی بپارێزرێت.
هاوکات، لایەنە ئەمنییەکان دەستیان بە لێکۆڵینەوە کردووە و دادوەر بڕیاری دەستگیرکردنی بۆ دایک و باوکی کۆرپەکە دەرکردووە، کە تاوەکو ئێستا ناسنامەیان دیار نییە و لێکۆڵینەوەکان بۆ دۆزینەوەیان بەردەوامن.

.jpeg&w=3840&q=75)

