رووداو - دیجیتاڵ
لەم گەرمایەدا، نۆرەی دووروودرێژی ئۆتۆمبێلەکان بێزارکەرە، بەڵام بۆ شۆفێرانی تاکسی کارەساتە. لە کاتێکدا خاوەن ئۆتۆمبێلە تایبەتەکان هەفتەی جارێک روو لە بەنزینخانەکان دەکەن، شۆفێرانی تاکسی ناچارن رۆژانە یان رۆژ نا رۆژێک، چەندین کاژێر لە ژێر تیشکی خۆردا چاوەڕێی گەیشتن بە پەمپی بەنزین بن.
مام محەمەد، یەکێکە لەو شۆفێرە دێرینانەی تەمەنی لە نێو تاکسیدا بەسەر بردووە؛ ئەو جامی ئۆتۆمبێلەکەی کردووەتەوە و ئارەقە بە گشت گیانیدا دێتە خوارەوە، چونکە ناتوانێت تەبرید پێ بکات و بەنزینە کەمەکەی خەرج بکات.
محەمەد عەزیز، شۆفێری تاکسی، لەبارەی ئەو دوو کاژێرەی لە نۆرەدا بەسەری دەبات، بە رووداوی گوت: "رۆژانە کاژێر و نیوێک بۆ 2 کاژێر نۆرە دەگرم؛ لە لای وەزارەتی پێشمەرگەوە نۆرە دەگرین تا دەگەینە ئێرە کە نزیکەی کیلۆمەتر و نیوێکە. رۆژێک نا رۆژێک دێمە نۆرە، چونکە بۆمان دەرناهێنێت بچینە بازاڕ بەنزینی گران تێبکەین؛ بەم گەرمایە تەبرید پێ بکەی بەنزینی زیاتر دەوێت، پێشی نەکەی گەرمایە و بەرگەی ناگیرێت."
داوای جیاکردنەوەی بەنزینخانەکان سەرکەوت سامی، شۆفێرێکی دیکەی تاکسییە و داواکارییەکی ئاراستەی پارێزگاری هەولێر کرد و گوتی: "داوا لە کاک ئومێد خۆشناو دەکەم ئەگەر بکرێت بەنزینی تاکسی جیابکاتەوە لە تایبەت، واتە چەند بەنزینخانەیەک تەنیا بۆ تاکسی تەرخان بکرێن."
ئاسۆ کەریم، کە زیاتر لە کاژێرێکە لە نۆرەدایە، ئاماژە بەوە دەکات کە تێچووی ژیانیان گران بووە بەڵام داهاتیان وەک خۆیەتی: "وەڵا زیاتر لە کاژێرێکە لە نۆرەین، خەڵکیش هەروەک پێشتر پارەی تەکسی دەدات و نرخی گواستنەوەمان زیاد نەکردووە."
هاوکێشەی 'تەبرید و بەنزین' بۆ شۆفێری تاکسی، کارکردن بەبێ تەبرید لەم وەرزەدا ئەستەمە. هونەر یوسف، دوای کاژێرێک و نیو گەیشتە لای پەمپەکە و باسی لە کێشەکانی کرد: "لەوەتەی تاکسیم هەیە نۆرە دەگرین، رۆژی وا هەیە بای ئەوەندەی بەنزینەکە ئیش ناکەیەوە. ئەگەر تەبرید پێ نەکەی کەس سوار نابێت، تەبریدیش پێ بکەی بەنزینی زۆر دەوێت."
جگە لە گەرما و ماندووبوون، شۆفێران ناڕەزایەتی بەرامبەر "نۆرەبڕی" دەردەبڕن و دەڵێن جاری وا هەیە دوای چەند کاژێرێک چاوەڕوانی، رێک ئەو کاتەی دەگەنە سەر پەمپەکە، پێیان دەڵێن بەنزین تەواو بووە.
پلانی پارێزگا چییە؟ لە هەولێر بەنزینی نۆرماڵ لە بەنزینخانە ئەهلییەکان بە 1150 دینارە، بەڵام بەنزینی حکومی بە 750 دینار (بۆ هەر 50 لیترێک) دابەش دەکرێت. رۆژانە لە نزیکەی 20 بەنزینخانەی هەولێر ئەم جۆرە بەنزینە دابەش دەکرێت.
سەبارەت بە داواکاریی شۆفێران بۆ جیاکردنەوەی بەنزینخانەی تاکسی لە ئۆتۆمبێلی تایبەت، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر بە رووداوی راگەیاند، تاوەکو ئێستا پلانی لەو شێوەیەیان نییە و دابەشکردنی بەنزین بە هەمان سیستەمی ئێستا بەردەوام دەبێت.
.jpeg&w=3840&q=75)

