رووداو دیجیتاڵ
زیاتر لە 67 هەزار موسڵمانی شیعە لە کورد، عەرەب و تورکمان لە سنووری پارێزگای کەرکووک، بە ماتەمینی و شیوەنەوە بەشدارییان لە رێوڕەسمی عاشوورادا کرد، کە یادی شەهیدکردنی ئیمام حوسێن، سێیەم ئیمامی شیعەکانە.
بەپێی ئاماری وەقفی شیعە لە کەرکووک، ئەم ساڵ بەراورد بە ساڵانی رابردوو، ژمارەی بەشداربووان لە رێوڕەسمی عاشوورادا زیادیکردووە. رێوڕەسمەکە لە دوو قەزا، سێ ناحیە و چوار گەڕەکی کەرکووک بەڕێوەچوو.
بەشداربووان باس لەوە دەکەن کە ئێستا ئازادیی زیاتریان بۆ بەجێهێنانی سرووتە ئایینییەکانیان هەیە. عیماد هیدایەت، کوردێکی فەیلییە، دەڵێت: " لەسەردەمی سەدام نەماندەتوانی درووشمەکانی خۆمان بڵێینەوە، کاتێک هەریسەمان دروست دەکرد، دەهاتن و خۆڵیان تێدەکرد. لە ماڵەوەش بە ترس و لەرزەوە رێوڕەسمەکانمان دەکرد."
نەسرین عەبدوڵڵا، کوردێکی فەیلییە و گوتی: "شەهیدکردنی ئیمام حوسێن خەمێکی زۆر گەورەیە و لەبیرناکرێت، بۆیە ئێمەش لەگەڵ شیعەکان تێکەڵین و هەتاهەتایە لەم ماتەمینییەدا لەگەڵیان بەشدار دەبین."
سەلمان باقی، پیاوێکی کەمئەندامە، لە بەرەبەیانییەوە بەشداربوو لە رێوڕەسمەکە و بە زنجیر لەخۆی دەدا. ئەو بە رووداوی گوت: "پێش 20 بۆ 25 ساڵ ئەم کەژاوە و حوسێنیانەمان نەبوو، ئەم ئازادییەش نەبوو. ئێستا سوپاس بۆ خوا، سەدان کەژاوەمان هەیە."
شیعەکان باڵا دەستبوونیان لە نێو هێزە ئەمنییەکان و ئیدارەی پارێزگاکە بە هۆکاری زیادبوونی شیعە لە کەرکووک دەزانن و دەڵێن هێشتا لە هەڵکشانداین.
شێخ فازڵ سەغری، نوێنەری موقتەدا سەدر لە کەرکووک بە رووداوی راگەیاند: "بەدرێژایی مێژوو، هەرچەندە ستەمکاران گوشاریان کردبێت، بەڵام لە بەرامبەر پەیڕەویی ئیمام حوسێندا کۆتاییان هاتووە. سەرەڕای هەوڵی دووژمنان، ئاڵای ئیمام حوسێن هەر بە بەرزی ماوەتەوە"
لە ماوەی 10 ساڵی رابردوودا، شیعەکان لە کەرکووک سێ گەڕەکی نوێ، زانکۆی ئیمام جەعفەر سادق، دوو پەیمانگە و 13 حوسێنییەی نوێیان دروستکردووە.
.jpeg&w=3840&q=75)

