رووداو - دیجیتاڵ
هەندێک رێکەوت هەن لە ساڵدا تەنیا جارێک یان دوو جار روودەدەن و بەهۆی رێکیی ژمارەکانیانەوە دەبنە جێگەی سەرنج؛ 26-06-2026 یەکێکە لەو رۆژانەی کە بووەتە دەرفەتێکی زێڕین بۆ بەشێک لە بووک و زاواکانی هەولێر تاوەکو ژیانی هاوبەشی تێدا پێکبهێنن، بەو ئومێدەی ئەم رێکەوتە هەمیشە لە یادگارییاندا بە زیندوویی بمێنێتەوە.
ئارایشتگاکانی هەولێر ئەمڕۆ لە هەموو رۆژانی ئاسایی قەرەباڵغتر بوون. بەپێی شوێن و ناوبانگی شوێنەکان، لە هەر ئارایشتگایەکدا لە نێوان 14 بۆ 50 بووک ئامادە دەکران تاوەکو بۆ ئاهەنگی گواستنەوەیان لەم بەروارەدا ئامادە بن.
رەحمە محەممەد، بووکێکی هەولێرییە و لەبارەی هەڵبژاردنی ئەم رۆژە بە رووداوی گوت: "من و هاوژینەکەم سەرەتا رۆژی شەممەمان بۆ ئاهەنگەکە دیاری کردبوو، بەڵام دواتر بینیمان تەنیا یەک رۆژ جیاوازییە و ئەمڕۆ رێکەوتێکی زۆر جوانە، بۆیە بڕیارماندا بیکەینە هەینی. بەڵام بێگومان جگە لە بەرواری جوان، بە بڕوای من متمانە و گرنگیدان بنەمای سەرەکین بۆ ئەوەی هەموو شتێک لە ژیانی هاوژینیدا بە باشی بڕوات."
یەکێکی دیکە لەو بووکانەی کە لە ئارایشتگایەک چاوەڕێی تەواوبوونی کارەکەی بوو، باس لەوە دەکات کە ئەم رێکەوتانە زیاتر بۆ پیاوان باشە و دەڵێت: "ئەم رێکەوتە بۆ پیاوان شتێکی باشە چونکە بەردەوام لەبیریان دەمێنێت، ئەگەر رێکەوتێکی تێکەڵ بێت لەبیریان دەچێت؛ بەڵام خانمان وا نین و دوو مانگ پێشتر ئامادەکاری بۆ بۆنەکە دەکەن."
زۆربەی بووک و زاواکان یەک بۆ دوو مانگ پێشتر کاتەکانیان لە هۆڵ و ئارایشتگاکاندا دەگرن. رامان شۆرش، کە زاوایە و ئەمڕۆ دەچێتە ناو ژیانی هاوژینییەوە، دەڵێت: "بەهۆی ئەوەی رێکەوتێکی جوانە و بۆ ئەوەی هەردەم لەبیرمان بمێنێت بڕیارماندا ئەم رۆژە هەڵبژێرین. رێکەوتی مارەبرینمان 2 -05 بوو، ئەمڕۆشمان کردە رۆژی هاوسەرگیریمان."
لایەنی ئابووری و نرخەکان قەرەباڵغیی ئارایشتگاکان بازاڕێکی گەرمی بۆ ئەم بوارە دروست کردووە؛ نرخی ئامادەکردنی هەر بووکێک لە نێوان 200 بۆ 500 دۆلار بووە. بەشێک لە ئارایشتگاکان بەهۆی ئەم رێکەوتە تایبەتەوە دیارییان پێشکەش بە بووکەکان کردووە.
شنە نزار، کە ئارایشتگەرە و لە بەیانییەوە سەرقاڵی کارەکەیەتی، دەڵێت: "لە کاژێر 6ی بەیانییەوە لە ئارایشتگا بووین تاوەکو هەموو بووکەکان لە کاتی خۆیاندا ئامادە بن. لەبەر ئەوەی بەروارەکە زۆر جوانە، ئەمڕۆ بووکی یەکجار زیاترمان هەبوو بەراورد بە رۆژانی ئاسایی."
سەرەرای هەموو جوانییەک لە رێکەوتی رۆژ و مانگی هاوسەرگیریدا، شارەزایانی کۆمەڵایەتی و تەنانەت بووک و زاواکانیش کۆکن لەسەر ئەوەی کە نهێنیی سەرکەوتن و جوانمانەوەی پەیوەندییەکان، تەنیا لە ژمارەکاندا نییە، بەڵکو پەیوەستە بە لێکتێگەیشتن، متمانە و کۆڵنەدان لەبەردەم کۆسپەکانی ژیاندا.
.jpeg&w=3840&q=75)

