رووداو دیجیتاڵ
بەهای ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە دەروازەکانی هەرێمی کوردستان لە 7 ساڵدا زیاتر لە 227.1 تریلیۆن دینار بووە، زۆرترینی لە 2024 بوو. لەو ماوەیەدا داهاتی گومرگیی دەروازەکان 9.5 تریلیۆن دینار بووە، دهۆک وەک پارێزگا لە ریزبەندی یەکەم بووە بە کۆکردنەوەی 4.9 تریلیۆن دینارى گومرگ.
ئەم ئامارانە بەشێکن لەو زانیارییانەی لە راپۆرتێکی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا هاتووە و کۆپییەکی دەست رووداو کەوتووە؛ ئامارەکان بۆ ماوەی 7 ساڵە، لە 2019 بۆ 2025.
بەهای ئاڵوگۆڕی بازرگانی 227 تریلیۆن دیناری تێپەڕاندووە
لەو 7 ساڵەدا بەهای ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە دەروازەکانی هەرێمی کوردستان 227 تریلیۆن و 171 ملیار و 180 ملیۆن و 900 هەزار دینار بووە.
زۆرترین بەهای ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2024 تۆمارکراوە کە 41.2 تریلیۆن دینار بووە و کەمترینی لە ساڵی 2020 بووە کە 28.03 تریلیۆن دینار بووە.
ئەم ئامارانە تایبەتن بە بەهای ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە 12 دەروازەی سنووری وشکانی و ئاسمانیی هەرێمی کوردستان.
بەهای ئاڵوگۆڕی بازرگانی بەپێی ساڵەکان:
2019: 31 تریلیۆن دینار
2020: 28 تریلیۆن دینار
2021: 33.7 تریلیۆن دینار
2022: 33.6 تریلیۆن دینار
2023: 33.6 تریلیۆن دینار
2024: 41.2 تریلیۆن دینار
2025: 25.4 تریلیۆن دینار
9.5 تریلیۆن دینار داهاتی گومرگ
بەگوێرەی راپۆرتەکە، لەو 7 ساڵەدا کۆی داهاتی گومرگی هەرێمی کوردستان لە 12 دەروازەکەدا، 9 تریلیۆن و 547 ملیار و 332 ملیۆن و 096 هەزار دینار بووە.
زۆرترین داهاتی گومرگ لەو ماوەیەدا لە ساڵی 2024 بووە کە زیاتر لە 1.6 تریلیۆن دینار بووە، کەمترینی لە ساڵی 2025 بووە کە 1.09 تریلیۆن دینار بووە.
ئامارەکان دەریانخستووە لە ساڵی 2004 بۆ 2025 داهاتی گومرگ لە هەرێمی کوردستان 550 ملیار و 438 ملیۆن و 115 هەزار دینار کەمی کردووە، بەوپێیە 33.5%ی داهاتی گومرگی لە نێوان ئەو دوو ساڵەدا کەم بووە.
داهاتی گومرگ بەگوێرەی ساڵەکان:
2019: 1.3 تریلیۆن دینار
2020: 1.1 تریلیۆن دینار
2021: 1.4 تریلیۆن دینار
2022: 1.4 تریلیۆن دینار
2023: 1.4 تریلیۆن دینار
2024: 1.6 تریلیۆن دینار
2025: 1.09 تریلیۆن دینار
دهۆک زۆرترین گومرگی هەبووە
لە راپۆرتەکەدا داهاتی گومرگ لەسەر ئاستی پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی و دهۆک هەژمارکراوە.
داهاتی گومرگی پارێزگای دهۆک چوار تریلیۆن و 977 ملیار و 466 ملیۆن و 441 هەزار دینار بووە کە لە ریزبەندی یەکەم بووە لەسەر ئاستی پارێزگاکان لە رووی زۆرترین گومرگەوە.
هەرچی پارێزگای سلێمانییە، داهاتی گومرگی لەو 7 ساڵەدا دوو تریلیۆن و 953 ملیار و 300 ملیۆن و 760 هەزار دینار بووە.
داهاتی گومرگ لەسەر ئاستی پارێزگای هەولێر یەک تریلیۆن و 633 ملیار و 553 ملیۆن و 734 هەزار دینار بووە.
دەروازە سنوورییەکانی ئیبراهیم خەلیل لە سنووری دهۆک لەگەڵ تورکیا، حاجی ئۆمەران لە سنووری هەولێر لەگەڵ ئێران، باشماخ لە سنووری پارێزگای سلێمانی لەگەڵ ئێران، پشکی شێریان لە زۆرترین داهاتی گومرگ بەرکەوتووە لەسەر ئاستى دەروازە سنوورییەکانى هەرێمی کوردستان.
داهاتی گومرگی ئیبراهیم خەلیل لەو 7 ساڵەدا چوار تریلیۆن و 818 ملیار و 415 ملیۆن و 170 هەزار دینار بووە، هەرچی گومرگی حاجی ئۆمەرانە لەو ماوەیەدا داهاتی گومرگەکەی یەک تریلیۆن و 449 ملیار و 756 ملیۆن و 558 هەزار دینار بووە، گومرگی باشماخ لەو ماوەیەدا یەک تریلیۆن و 122 ملیار و 66 ملیۆن و 249 هەزار دینار داهاتی بووە.



.jpg&w=3840&q=75)
.jpg&w=3840&q=75)