رووداو دیجیتاڵ لە بناری شاخەکان، جووتیاران خەریکی کۆکردنەوەی بەرهەمی تووتنن، کە بە شێوەی هەرەوەزی لەگەڵ ئەندامانی خێزانەکانیان کاری تێدا دەکەن و دەڵێن، "کارەکە میراتیی باوباپیرانیانە". نرخی کیلۆیەک تووتن لە 25 هەزار دینارەوە دەستپێدەکات و تاوەکو 120 هەزار دینار دەڕوات. زەوییە پان و بەرینەکانی بناری شاخ، بە تووتنی سەوز ڕازاونەتەوە. بەیانییان زوو، ژیان لێرە بە جووڵە و کاری جووتیاران دەستپێدەکات، چونکە وەرزی شکاندن و لەشیشدانی تووتنە؛ وەرزێک کە تەنیا پیاوان کاری تێدا ناکەن، بەڵکو ژن و کچ و کوڕی گوندیش پێکەوە بەشدارن. خدر خانەقایی، جووتیارە و دەڵێت، "کارەکە میراتیی باو و باپیرانە بۆم بەجێماوە. چەند ساڵێک بوو نەماندەکرد، بەڵام لەم ساڵانەی دواییدا دەستمان پێکردەوە. لە تووتن ماندوو نابم. ئەوانەی کاردەکەن هەموویان برازا و خوارزا و کەسوکاری خۆمن و هاتوون بۆ یارمەتیدان." گەڵا سەوزەکان بە دەستی کرێکاران دەشکێنرێن و دەستەدەستە دەکرێن بە باقەی تووتن. زەحمەتیی کارەکە بە هاوکاری و پێکەوەیی کەمتر دەبێتەوە. دەریا خالید، یەکێکە لەو کچانەی کاردەکات و دەڵێت، "هەرەوەزییەکە هی ئێمەیە. کە نوێژی بەیانیمان کرد، دێینە سەر کار و کاژێر 12:30ـی نیوەڕۆ دەچینەوە. جیاوازیی ئێمەی کچی گوند لەگەڵ کچی شار ئەوەیە، ئێمە لە شیرینیی خەودا نین و لە کاژێر 05:00ـی بەیانییەوە هەڵدەستین و دێینە سەر کار." مەڕوا شاخەوان، کچێکی دیکەی گوندەکەیە و باس لەوە دەکات، "کارەکان دابەش دەکرێن، هەندێکمان تووتن بە شیشەکانەوە دەکەین، هەندێکیشمان تووتن دەشکێنین و بەشێکیشمان خەریکی ئامادەکردنی چا و نان دەبین." مێژووی چاندنی تووتن لەم ناوچەیەدا دوور و درێژە. خەڵکەکەی لە چاندن و وشککردنەوەی تووتندا ئەزموونێکی زۆریان هەیە. لەشیشدان و هەڵگرتنی تووتن لە گرنگترین قۆناغەکانی کارەکەیە. مستەفا، جووتیارە و دەڵێت، "ئێستا تووتنەکە دەشکێنرێت و بە شیشەوە دەکرێت، ئینجا لەبەر هەتاو دایدەنێین تاوەکو وشک دەبێتەوە و دواتر دەیخەینە نێو گونیە. کاتی خۆی ژیانی کورد لەسەر تووتن بوو." تووتن لە چاندنەوە تاوەکو وشکبوونەوە، نزیکەی شەش مانگی پێویستە. تووتنی زەرد داواکارییەکی زۆری لەسەرە و نرخی کیلۆیەک لە نزیکەی 25 هەزار دینارەوە دەستپێدەکات و نرخی باشترین جۆریشی دەگاتە 120 هەزار دینار.