رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دەڵێ، ناردنی 120 ملیار دیناری مانگانە بۆ بەغدا وەک داهاتی نانەوتی بنەمای یاسایی نییە و ئەوەی لە یاسای بودجەدا هاتووە، رادەستکردنی نیوەی داهاتە فیدراڵییەکانە.
رۆژی سێشەممە، 23ی حوزەیرانی 2026، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بە ڤەژین موراد، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "گەڕاندنەوەی ئەو 120 ملیار دینارە بۆ حکومەتی فیدراڵی لەسەر هیچ بنەمایەکی یاسایی نییە. ئەوەی لە یاسادا هاتووە ئەوەیە کە نیوەی داهاتە نانەوتییەکان، بدرێت بە حکومەتی فیدراڵی."
سەرۆکوەزیران روونی کردەوە کە ئەو بڕە پارەیە پێشتر لە کابینەی پێشووی حکومەتی عێراق وەک بڕیارێک دیاریکراوە و گوتی، "ئێستا خەریکین بتوانین پێداچوونەوە بەو بابەتەدا بکەین. هیوادارم داهاتی ناوخۆ لەسەر ئاستی هەموو عێراق و بەتایبەتی هەرێمی کوردستان زیاد بکرێ، چونکە چەند داهات زیاد بکرێ، ئەوەندە هەرێمی کوردستانیش زیاتر بەشدار دەبێت."
ئەم لێدوانەی سەرۆکوەزیران لە پەراوێزی رێوڕەسمی کردنەوەی پارکی (باخچە هەڵواسراوەکانی بابل) بوو لە قەزای عەنکاوە لە هەولێر. مەسرور بارزانی لە گوتارێکدا ئاماژەی بەوە کرد کە "هەر لە ناوەکەیەوە دیارە ئەم پارکە ئاماژەیە بۆ رەسەنایەتیی مێژوویی و پێکەوەژیان لە وڵاتەکەمان."
سەرۆکوەزیران گوتی، پڕۆژەکە لە چەندین بەش پێکدێت و دەکەوێتە خزمەت دانیشتووانی شارۆچکەی عەنکاوە و شاری هەولێر بە گشتی، ئەمەش وەک بەشێک لە هەوڵەکانی حکومەت بۆ زیاترکردنی رووبەری سەوزایی و خزمەتگوزارییە گشتییەکان.



