رووداو دیجیتاڵ دەنگۆی گیانلەدەستدانی هونەرمەند (عەینەدین ئەڵماسی) بڵاوبووەتەوە و کەسێکی نزیکی بە رووداوی گوت، لە نەخۆشخانەیەکی شاری مەریوانە و تەندروستیی بەرەو باشبوون دەچێت. رۆژی هەینی، 11ـی ئەیلوولی 2026، عەدنان مەریوانی، هاوڕێ و میوژیکژەنی هونەرمەند عەینەدین کە ئێستا لە نەخۆشخانە لەگەڵیدایە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "هونەرمەند عەینەدین لە ژیاندایە و ئەو هەواڵانەی باس لە گیانلەدەستدانی دەکەن دوورن لە راستییەوە". سەبارەت بە نەخۆشیی ئەو هونەرمەندە میلییە، عەدنان مەریوانی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد هونەرمەند (عەینەدین ئەڵماسی) دوێنی پینجشەممە دۆخی تەندروستیی تێکچوو و رەوانەی نەخۆشخانە کرا، بەڵام ئێستا تەندروستیی جێگیرە و لە رۆژانی داهاتوودا دەنێردرێتەوە ماڵەوە. بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، هونەرمەندە میلییەکەی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان یەکێک لە گورچیلەکانی لاوازە و سییەکانیشی کێشەیان هەیە، هاوکات نەخۆشی پرۆستاتیشی هەیە. عەینەدین ئەڵماسی ناسراو بە عەینەدین مەریوانی ساڵی 1960 لەدایکبووە و لە تەمەنی 10 مانگییەوە بینایی لەدەستداوە و یەکێک لە هونەرمەندە میلییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان.