رووداو دیجیتاڵ
دوای نزیکەی دوو ساڵ دانوستاندن، حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵیی عێراق لەسەر پرسی یەکخستنی سیستمی گومرگی و جێبەجێکردنی سیستمی ئەلیکترۆنیی (ئەسیکودا) رێککەوتن. رۆژی 18ی حوزەیران، هەولێر و بەغدا 8 رێککەوتنیان واژۆ کرد کە چاوەڕوان دەکرێت ببێتە هۆی دابەزینی نرخی کاڵا سەرەکییەکان و رێکخستنەوەی داهاتەکان.
د. سامی جەلال، راوێژکاری یاسایی لە وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی شاندی دانوستاندنکار، لە بووڵتەنی کاژێر 12:00ی تۆڕی میدیایی رووداو کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات، وردەکاریی رێککەوتنەکان و کاریگەرییەکانی لەسەر بازاڕ و ژیانی هاونیشتمانییان خستەڕوو.
رێککەوتنی ئەسیکودا و مافە دەستوورییەکان
رێککەوتنە سەرەکییەکە لەبارەی جێبەجێکردنی سیستمی ئەسیکودایە بۆ بەڕێوەبردنی کاروباری گومرگی. د. سامی جەلال رایگەیاند، "لە کۆی ئەو دانوستاندنە ماراسۆنییەی کە دوو ساڵە لەگەڵ حکومەتی عێراقدا هەیە، ئێمە تەئکیدمان لەوە کردووەتەوە کە پێویستە مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان پارێزراو بن."
گرنگترین خاڵەکانی رێککەوتنی ئەسیکودا بریتیین لە:
1. چەسپاندنی مافە دەستوورییەکان: لە رێککەوتنەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە کە هەرێمی کوردستان لە هەر گۆڕانکارییەکی داهاتووی تەعریفەی گومرگیدا بەشداریی پێدەکرێت، کار بە پێناسی گومرگی عێراق دەکرێت.
2. زمانی کوردی: زمانی کوردی شانبەشانی زمانی عەرەبی و ئینگلیزی لەناو سیستمەکەدا بەکاردەهێنرێت، کە کارئاسانی بۆ بازرگانان و فەرمانبەرانی کورد دەکات.
3. دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان: بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گومرگی هەرێمی کوردستان دەبێتە بەڕێوەبەری (موشەغڵ) سیستمی ئەسیکودا لە هەرێمی کوردستان و هەمان دەسەڵاتی دەستەی گومرگی گشتیی عێراقی دەبێت.
4. پاراستنی داتا: پێشنیاز کراوە ناوەندی داتای فەرمانگەی تەکنەلۆژیای زانیاریی حکومەتی هەرێمی کوردستان وەک شوێنی پاراستنی زانیارییە یەدەگەکان (باکئەپ) بۆ هەموو عێراق بەکاربهێنرێت.
5. لێخۆشبوونی گومرگی: لیژنەیەک بۆ لێخۆشبوونەکان دروست دەکرێت، دواتر وەزارەتەکانی دارایی بڕیاری لەبارەوە دەدەن.
6. هاوردەی یەکسان: هەر کاڵایەک لە دەروازەکانی عێراقەوە بێت دەکرێت لە دەروازەکانی هەرێمی کوردستانیشەوە بهێنرێت.
حەوت رێککەوتنی دیکە
لەگەڵ رێککەوتنی ئەسیکودا، حەوت رێککەوتنی تەکنیکیی دیکەش واژۆ کراون کە بوارەکانی وەبەرهێنان، تۆمارکردنی کۆمپانیاکان، گەشەپێدانی پیشەسازی، کۆنتڕۆڵی جۆری، کشتوکاڵ، هەناردە و هاوردە و باج دەگرنەوە.
بەپێی رێککەوتنەکان، بڕیار و بەڵگەنامەکانی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان لە هەموو عێراق باوەڕپێکراو دەبن و پرۆسەی تۆمارکردنی کۆمپانیاکانی هەرێمی کوردستان، کە پێشتر چەندین مانگی دەخایاند، خێراتر دەکرێت.
داهات، باج و دەروازە نافەرمییەکان
یەکێک لە خاڵە هەرە ئاڵۆزەکانی دانوستانەکان، شێوازی کۆکردنەوەی داهاتی گومرگی بووە. د. سامی جەلال ئاماژەی بەوە کرد کە سێ بیرۆکە خراونەتەڕوو: یەکەم، کۆکردنەوەی تەواوی داهات لەلایەن بەغداوە و دواتر ناردنی بەشی هەرێمی کوردستان. دووەم، دابەشکردنی 50% بە 50%ی داهات لە دەروازەکانەوە. سێیەم، وەرگرتنی داهات لەلایەن هەرێمەوە و رادەستکردنی بەشێکی بە بەغدا. بڕیارە ئەنجوومەنی ئابووریی عێراق ئەم پرسە یەکلا بکاتەوە.
لەبارەی باجەوە، رێککەوتن کراوە ئەو کۆمپانیایانەی چالاکییان لە هەرێمی کوردستانە، باج لە هەرێم بدەن. هەروەها، سیستمی ئەسیکودا کێشەی لەگەڵ بوونی دوو ناسنامەی باجدا نییە، کە ئەمەش رێگە بۆ ناسنامەی باجی هەرێمی کوردستان خۆش دەکات.
سەبارەت بە حەوت دەروازە نافەرمییەکەی هەرێمی کوردستان، د. سامی جەلال گوتی، "رێککەوتین لیژنەیەکی هاوبەش سەردانیان بکات و ئەگەر مەرجەکانیان تێدا بوو، بکرێن بە فەرمی، ئەگەرنا دابخرێن."
کاریگەری لەسەر بازاڕ
جێبەجێکردنی سیستمی ئەسیکودا کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر نرخی کاڵا دەبێت. د. سامی جەلال روونیکردەوە، "ئەو کاڵایانەی دێن، ئێستا شتێک گرانە، کە کۆمپانیا داخل بوو لە سیستمی ئەسیکودا و سەکۆی بانکی ناوەندی، دۆلاری بە 132 هەزار دینار دەست دەکەوێت. کەواتە کاڵا بنەڕەتییەکان، خواردەمەنی و دەرمان، گران نابێت، بەڵکو دادەبەزێت."
بەڵام لە بەرامبەردا، نرخی هەندێک کاڵای دیکە وەک ئۆتۆمبێل، مۆبایل و کەلوپەلی کارەبایی بەرز دەبێتەوە، چونکە تەعریفەی گومرگیی نوێی عێراق لەسەریان جێبەجێ دەکرێت.
قۆناخەکانی داهاتوو
د. سامی جەلال پێشبینی دەکات لە هەفتەی یەکەم یان دووەمی مانگی تەممووزدا، ئەنجوومەنی ئابووری بڕیاری کۆتایی بدات و دواتر لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقەوە پەسەند بکرێت.
دوای پەسەندکردنی کۆتایی، تیمە تەکنیکییەکان نزیکەی چوار مانگیان پێویستە بۆ جێبەجێکردنی سیستەمەکە لە هەر شەش دەروازە فەرمییەکەی هەرێمی کوردستان، کە لە دەروازەی نێودەوڵەتیی ئیبراهیم خەلیلەوە دەست پێدەکات.


