رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی پارتی رایدەگەیێنێت، پارتی خوازیاری برەودانی زیاترە بە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و تورکیا؛ دەشڵێت، پارتی لە بەغداوە بە بەرنامەیەکی نوێوە کار بۆ پاراستنی مافە دەستوورییەکان دەکات.
رۆژی دووشەممە 22ی حوزەیرانی 2026، هێمن هەورامی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان پێشوازی لە ئێرمان تۆپچو، کونسوڵی گشتیی تورکیا لە هەرێمی کوردستان کرد. هێمن هەورامی لە هەژماری خۆی لە فەیسبووک راگەیێندراوێکی لەبارەی کۆبوونەوەکە بڵاوکردووەتەوە و نووسیویەتی، "جەختمان لە سیاسەت و هەڵوێستی نەگۆڕی پارتیمان کردەوە کە لەسەر بنەمای بەرژەوەندی هاوبەش برەوی زیاتر بە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و تورکیا بدرێت."
سەبارەت بە شێوازی کارکردنی پارتی لە پایتەختی عێراق، هێمن هەورامی ئاماژەی بەوە کرد کە حیزبەکەی ستراتیژێکی نوێی هەیە و گوتی، "پارتی بە بەرنامە و میکانیزمێکی تۆکمەوە لە بەغداوە بەرگری لە مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان دەکات."
هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە پارتی کار بۆ پەیوەندییەکی هاوسەنگ دەکات و رایگەیاند، "لەسەر بنەمای دەستوور، جەخت لە پاراستنی ماف و شایستە دەستوورییەکان دەکەینەوە و، برەو بە پەیوەندییەکی هاوسەنگ دەدەین کە لەسەر بنەمای سازان، هاوبەشی و هاوسەنگی لەگەڵ سەرجەم لایەن و پێکهاتەکان بێت."
لە تەوەرێکی دیدارەکەدا، هێمن هەورامی باسی لە دۆخی ناوخۆیی هەرێمی کوردستان و کێشەی پێکهێنانی حکومەت کرد و ئاماژەی بەوە کرد کە نزیکەی 20 مانگە هەڵبژاردن کراوە. هەورامی لەو بارەیەوە گوتی، "پارتی هەر لە سەرەتاوە لەگەڵ دامەزراندنی حکومەتێکی یەکڕیزیی نیشتمانی بووە بە بەشداریی هەموو لایەک؛ رێزمان لە هەڵوێستی ئۆپۆزسیۆنبوونی هەندێک لایەن گرتووە و لەگەڵ یەکێتیش بە پشوو درێژییەکی زۆرەوە رێککەوتنی سیاسی واژۆ کرا."
کاراکردنەوەی پەرلەمان؛ "تاکە رێگەی دەرچوون لە چەقبەستوویی"
ئەندامەکەی مەکتەبی سیاسیی پارتی، کاراکردنەوەی پەرلەمانی وەک پێویستییەکی هەنووکەیی ناو دەبات و دەڵێت، "دەرچوون لەم چەقبەستووییە، تەنیا بە کاراکردنی پەرلەمان و دروستکردنی لیژنەکانی دەبێت."
هەورامی داوای لە لایەنە سیاسییەکان کرد "بەرپرسیارێتیی نیشتمانی" هەڵبگرن و گوتی، "هیواخوازم هەموو لایەک راستگۆیانە لەگەڵ بانگەشەی کاری پەرلەمانی، دیموکراسیەت و پاراستنی تەوایەتیی دامەزراوەکان، هاوکار و پشتیوانی کاراکردنەوەی پەرلەمان بن."

