رووداو - دیجیتاڵ
دووشەممە 22ی حوزەیران، بۆ یەکەمجار لە مێژووی شارەکەدا، ماراسۆنی خانمان لە شەقامی 40
مەتریی سۆران رێکخرا. نزیکەی 100 خانم لە تەمەنە جیاوازەکانەوە، لەژێر
دروشمی "پاراستنی ژینگە و هاندانی ئافرەتان بۆ وەرزش"، دووریی 4 کیلۆمەتریان
بڕی و کێبڕکێیان بۆ بەدەستهێنانی پلە یەکەمەکان کرد.
ئەم چالاکییە کە لەلایەن بنکەی چالاکیی وەرزشیی ئافرەتانی سۆران و بە سپۆنسەریی
کۆمپانیای "زۆم" رێکخرابوو، ژینگەیەکی پڕ لە کێبڕکێی بۆ خانمان دروستکرد.
لە دهۆکەوە بۆ پلەی یەکەم رانا، کە یاریزانێکی بە ئەزموونی راکردنی مەودا درێژە،
لە دهۆکەوە هاتبووە سۆران تاوەکو تواناکانی خۆی تاقی بکاتەوە و توانی پلەی یەکەم
بەدەستبهێنێت. ئەو بە رووداوی راگەیاند: "من یاریزانی راکردنی درێژم و ئەمە
یەکەمجارم نییە بەشداری دەکەم، ئەمڕۆش لە دهۆکەوە هاتوومەتە سۆران و توانیم
پلەی یەکەم بەدەستبهێنم."
هەرچی بارینە، کە پێش ماراسۆنەکە بە یاریی تۆپی پێ خۆی ئامادە کردبوو، توانی پلەی
دووەمی کێبڕکێیەکە بۆ خۆی مسۆگەر بکات و گوتی: "دوێنێ چووین بۆ یاریی تۆپانێ و
زۆر راهێنانمان کرد تاوەکو لەم ماراسۆنەدا بەشدار بم و خۆشبەختانە پلەی دووەمم
بەدەستهێنا."
لەلایەکی دیکەوە، دارین ئۆغوز کە پلەی سێیەمی بەدەستهێنا، بە شانازییەوە باسی لە
هەوڵەکانی کرد و دەڵێت: "هەستێکی زۆر خۆشە، پلەی سێیەمم بەدەستهێناوە و شانازیی
پێوە دەکەم چونکە هەموو توانای خۆمم بەکارهێنا. رێز و سڵاوی زۆریشم بۆ دایک و
باوکم هەیە کە بەردەوام پاڵپشتیم دەکەن."
پاڵپشتیی خێزان و رۆڵی خانمان بەشێکی زۆری بەشداربووان پاڵپشتیی خێزانەکانیان بە
هۆکاری سەرەکیی بەشدارییان دەزانی. دلین، یەکێک لە بەشداربووان، ئاماژەی بە رۆڵی
باوکی کرد و گوتی: "باوکم لە پشتم بوو، گوتی بڕۆ ئاسانە و شتێکی قورس نییە. لەوەتەی
زانیومە ئەم پێشبڕکێیە هەیە، بەردەوام راهێنانم کردووە و چوومەتە ناوچە شاخاوییەکان
بۆ ئەوەی ئامادە بم."
شەوین یەعقووب، کە بەردەوام بەشداری لە ماراسۆنەکاندا دەکات، ئامانجی خۆی بۆ رووداو
روون کردەوە: "وەکو خانمێک زۆر پێم خۆشە رۆڵی ئافرەتان زیاتر بێت، لەبەر ئەوەیە
بەشداری لە هەموو ئەم ماراسۆنانەدا دەکەم."
ماراسۆنی سۆران، جگە لە کێبڕکێیەکی وەرزشی، پەیامێکی مرۆیی و ژینگەیی بوو کە تێیدا
خانمان سەلماندیان دەتوانن لە هەموو کایەکاندا رۆڵی کاریگەر بگێڕن.


