رووداو دیجیتاڵ
جێگری سیاسی، ئەمنی و کۆمەڵایەتیی پارێزگاری لوڕستان رایدەگەیێنێت، قوتابییەکی تەمەن 14 ساڵ کە لە هێرشەکەی مانگی نیسانی رابردووی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر روومێشکان لە پارێزگای لوڕستان بە سەختی بریندار ببوو، گیانی لەدەستدا.
سەعید پوورعەلی، جێگری پارێزگاری لوڕستان، ئەمڕۆ دووشەممە 22ی حوزەیرانی 2026، بە میدیای فەرمیی ئێرانی رایگەیاند، محەممەد حوسێن شیراوەند، قوتابی پۆلی 8 لە گوندی ئاقاجانی سەر بە شاری روومێشکان، دوای چەندین رۆژ ململانێ لەگەڵ ئازاری برینەکانی، بەرەبەیانی ئەمڕۆ گیانی لەدەستدا.
پوورعەلی ئاماژەی بەوە کرد، ئەم قوتابییە لە کاتی هێرشە ئەمریکایی و ئیسرائیلییەکاندا بە سەختی بریندار ببوو و کەوتبووە کۆماوە، بەڵام هەوڵە پزیشکییەکان نەیانتوانی ژیانی رزگار بکەن.
جێگری پارێزگاری لوڕستان ئاشکرای کرد، بە گیانلەدەستدانی ئەم منداڵە، ژمارەی قوربانیانی قوتابی لە سنووری پارێزگاکە گەیشتە 9 قوتابی. هەروەها گوتیشی کە لە هەمان هێرشدا، 5 لە مامۆستایان و کارمەندانی کەرتی پەروەردەی لوڕستانیش گیانیان لەدەست داوە.
بەپێی دوایین ئامارە فەرمییەکان، لە جەنگی 40 رۆژەی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێراندا، زیاتر لە سێ هەزار و 519 کەس کوژراون.



.jpg&w=3840&q=75)