رووداو دیجیتاڵ
پشکنینی DNAی منداڵە چوار ساڵەکە بڵاوکرایەوە، کە لە بناری قەندیل ون بوو و دواتر چەند ئێسکێکی دۆزرانەوە. بەگوێرەی ئەنجامەکە، ئێسکی منداڵەکەن، بەڵام باوکی رەتی دەکاتەوە دان بە ئەنجامەکاندا بنێت. هەروەها ماڵباتەکەی رایانگەیاند، پرسە دانانێن.
بەشێک لە بنەماڵەی یاد سەربازی چوار ساڵان بە ناوی (بنەماڵە وخزمانی گوندی کۆیلێ) لە سنووری ئیدارەی راپەڕین، ئەمڕۆ 22ـی حوزەیران راگەیێندراوێکیان بڵاوکردەوە و رایانگەیاند، ئاگادار کراونەتەوە ئەو ئێسکانەی دۆزراونەتەوە ئێسکی یاد سەرباز بووە.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "دوای تێپەڕبوونی 26 رۆژ بەسەر رووداوی ونبوون و رفاندن و دۆزینەوەی ئێسکەکان، دوای تێپەڕبوونی 10 رۆژ بەسەر وەرگرتنی سامپڵ چ لە ئێسکەکان بێ یان خوێنی دایک و باوکی منداڵەکە، ئەمڕۆ 22ـی مانگ لە رێگەی دادگە، ئاسایش و دەزگە فەرمییەکانی سنووری ئیدارەی سەربەخۆی راپەرین، بەفەرمی ئاگادار کرایەنەوە ئەنجامی پشکنینی DNA دەڵێت؛ ئەو منداڵەی کە ئێسکەکانی دۆزراونەتەوە یاد سەرباز عەلییە".
دوای بڵاوبوونەوەی راگەیێندراوەکە، سەرباز عەلی، باوکی منداڵەکە بە ئەبوبەکر ئیسماعیل، پەیامنێری رووداوی گوت، ئەوان ئەنجامەکە رەتدەکەنەوە.
هەروەها لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "دووپاتی دەکەینەوە، ئێمە پرسە دانانێین و ئێستا نامانەوێت لەوە زیاتر بڵێین".
یاد سەرباز کاژێر 03:00ـی دوای نیوەڕۆی 28ـی ئایار لە گوندی ئێندزێ لە بناری قەندیل لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین لە پارێزگای سلێمانی ون بوو، 12ـی حویزەیران لە هەمان سنوور پارچە ئێسک و جلوبەرگی منداڵێکیان بینی و دواتر رەوانەی دادپزیشکی کرا بۆ پشکنینی دی ئێن ئەی.



.jpg&w=3840&q=75)