رووداو دیجیتاڵ
تاوەکو ئێستا 11 هەزار چەکی سووک لە کەرکووک لەلایەن خاوەنەکانیانەوە تۆمار کراون. ئەو تۆمارکردنە تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵ بەردەوام دەبێت، دوای ئەوە چەکی بێمۆڵەت دەستی بەسەردا دەگیرێ.
عامر شوانی، گوتەبێژی پۆلیسی کەرکووک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "تاوەکو ئێستا 11 هەزار چەکی سووکی هاووڵاتییان لە رێگەی ئەلیکترۆنییەوە تۆمار کراون کە دەمانچە تاوەکو کڵاشینکۆف دەگرێتەوە و لە ماڵدا دەبێت بۆ بەرگریکردن."
تۆمارکردنی چەکی سووک لە عێراق لە 28ـی کانوونی دووەمی 2024ـەوە دەستیپێکردووە کە لە رێگەی ماڵپەڕی ئەلیکترۆنیی حکومی ئوور و ئەپڵیکەیشنێک دەبێت بە ناوی 'عەین عێراق'.
عامر شوانی رایگەیاند، تۆمارکردنی چەکی سووک تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵ بەردەوام دەبێت و دوای ئەوە هەر چەکێکی بێمۆڵەت بەدی بکرێت دەستی بەسەردا دەگیرێت و بەگوێرەی یاسا خاوەنەکەی سزا دەدرێت کە ماوەى بەندکردنی دەگاتە سێ مانگ، ئەو چەکانەش کە مۆڵەتیان پێدراوە و خاوەنەکەی کۆچی دوایی دەکەن وەک میرات بۆ منداڵەکانی دەمێنێتەوە.
بۆ وەرگرتنی مۆڵەتی چەکی سووک دەبێت فۆرمێکی ئەلیکترۆنی لەلایەن خاوەن چەکەکەوە پڕ بکرێتەوە کە زانیاریی تەواوی لەبارەی ناسنامەی خاوەنی چەکەکە تێدابێت و لە ماوەی 30 رۆژدا مامەڵەکەی بۆ تەواو دەکرێت. بەگوێرەی رێنماییەکان بۆ چەکی سووک 50 گولـلە و بۆ تاپڕ 200 گولـلە رێگە پێدراوە کە لە ماڵدا هەبێت.
گوتەبێژی پۆلیسی کەرکووک رایگەیاند، بۆ چەکی قورس لیژنەیەکی دیکەی تایبەت هەیە کە لە هاووڵاتییانی دەکڕێتەوە.


.jpg&w=3840&q=75)

