رووداو دیجیتاڵ
رۆژ بە رۆژ نرخی گازی شل (LPG) کە بە گازی ماڵانیش دەناسرێ، لە هەرێمی کوردستان دادەبەزێ و ئەمڕۆ لیتری بە 450 دینارە. سەرۆکی ئەنجوومەنی بەنزینخانەکان لە هەولێر لەبارەی نرخی بەنزینیشەوە دەڵێ: "کەمێک دابەزیوە".
جەنگی مەجید، سەرۆکی ئەنجوومەنی بەنزینخانەکانی هەولێر، ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەمڕۆ نرخی لیترێک گازی شل بە 450 بۆ 475 دینارە".
لە سلێمانی نرخی لیترێک گاز نزیکەی 25 دینار کەمترە لە هەولێر.
مانگی رابردوو نرخی لیترێک گازی شل نزیکەی هەزار دینار بوو، 7ـی ئەم مانگە دابەزی بۆ 700 دینار و ئەمڕۆ نرخەکەی زیاتر دابەزیوە.
بەهۆی جەنگی ئەمریکا و ئێران لە کۆتایی مانگی شوباتی ئەم ساڵ، نرخی یەک لیتر گاز لە 450 دینارەوە بۆ ماوەیەک گەیشتە زیاتر لە دوو هەزار دینار.
لەکاتی جەنگدا نرخی پڕکردنەوەی بوتڵێک گازی ماڵان کە 22 لیترە 45 هەزار دیناری تێپەڕاند، دواتر بە پلەبەندی دابەزی و ئەمڕۆ بەشێوەی بازرگانی لە بەنزیخانەکان بوتڵێک بە 10 هەزار دینار پڕدەکرێتەوە.
لە 6ـی ئەم مانگەوە نرخی بەنزینی نۆرماڵ لە هەولێر بەرزبووەتەوە. سەرۆکی ئەنجوومەنی بەنزینخانەکانی شارەکە دەڵێ: "نرخ کەمێک دابەزیوە، بە کۆ لیتری بەنزین هەزار و 50 دینارە و لە بەنزینخانەکانیش دەدرێتە هەزار و 100 دینار".
ئەو بەنزینەی ئەمڕۆ لە بەنزینخانەکان لیتری دەدرێتە هەزار و 100 دینار، تاوەکو پێنجی حوزەیران نزیکەی 900 دینار بوو.
.jpg&w=3840&q=75)


