رووداو دیجیتاڵ
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان دەڵێت، چاوەڕوانی دەستپێکردنی دابەشکردنی مووچەن لە عێراق، بۆ ئەوەی رێکارەکانی پەیوەست بە داهاتی نانەوتی و ناردنی پشکی بەغدا یەکلا بکەنەوە.
رۆژی یەکشەممە، 21ـی حوزیرانی 2026، سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "چاوەڕێین لە عێراق دەست بە دابەشکردنی مووچە بکرێت، تاوەکو ئیعاز (ئاماژە) بدەن بە ئێمەش بۆ داهاتی نانەوتی؛ ئەو کات یان پێمان دەڵێن لە پارەی مووچە دەگەڕێندرێتەوە یاخود داوا دەکەن ئێمە بۆیان بنێرین."
ئەو سەرچاوەیەی وەزارەتی دارایی ئاماژەی بەوەش کرد، "دەبێت گفتوگۆ بکەین لەسەر بڕی داهاتەکە، چونکە داهاتی نێوخۆمان کەمی کردووە، دەبێت بزانین ئاخۆ چەند دەنێرین."
ئەمە لەکاتێکدایە، پرسی داهاتی نانەوتی، یەکێکە لە بابەتە سەرەکییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، بۆ ناردنی مووچەی مانگانە.
رۆژی 17ـی حوزەیرانی 2026، لیستی مووچەی مانگی حوزەیرانی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و راپۆرتی تەرازووی پێداچوونەوەی مانگی ئایار لەلایەن تیمی تەکنیکیی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستانەوە رادەستی فەرمانگەی ژمێریاری وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ کرا.
بۆ مووچەی مانگی ئایار، لە 27ـی مانگەوە دەست بە دابەشکردنی مووچە کرا و تاوەکو 29ـی ئایار سەرجەم مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان مووچەکانیان وەرگرت.




