رووداو دیجیتاڵ وەزیری پێشمەرگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، کۆتاییهاتنی پرۆسەی یەکخستنەوە و رێکخستنەوەی تەواوەتیی هێزەکانی 70 و 80ـی پێشمەرگەی لەژێر چەتری وەزارەتەکەی راگەیاند و دەڵێت، هەرێمی کوردستان بووە خاوەنی سوپایەکی یەکگرتوو. رۆژی پێنجشەممە، 10ـی ئەیلوولی 2026، شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە راگەیێندراوێکدا مژدەی "یەکخستنەوەی تەواوەتیی هێزەکانی پێشمەرگە"ـی راگەیاند. لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "دوای چەندین ساڵ تێکۆشان، هەوڵدانی بەردەوام و وەک یەک تیمی پێکەوەیی لە وەزارەتی پێشمەرگە، لەگەڵ فەرماندەی فەرماندەیی هێزەکانی حەفتا و هەشتا کە هاوکار و رێگەخۆشکەربوون، توانیمان سەرجەم بەربەست و گرفتە کەڵەکەبووەکان تێپەڕێنین." وەزیری پێشمەرگە ئاماژەی بەوە کردووە، هێزەکانی 70 و 80 بە پرۆسەیەکی ورد، سەربازییانە و پلان بۆ داڕێژراو یەکخراونەتەوە. دەشڵێت: "لە چوارچێوەی ئەم چاکسازییە ریشەییەدا، تەواوی هێزەکان لەسەر ئاستی یەک فەرماندەیی و کۆنترۆڵ (لیوا، فیرقە و فەرماندەیی دەڤەر) رێکخرانەوە. بە خۆشحاڵییەوە رایدەگەیێنین کە هەردوو دەڤەری فەرماندەیی سەربازی بەفەرمی دەستبەکار دەبن." لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا هاتووە، ئەمە دەستکەوتێکی مێژووییە و هەرێمی کوردستان دەبێتە خاوەنی سوپایەکی یەکگرتوو و سەردەمیانە، لەژێر فەرماندەیی راستەوخۆی وەزارەتی پێشمەرگەدا. سەبارەت بە هاوکارییەکان بۆ سەرخستنی ئەم پرۆسەیە، شۆڕش ئیسماعیل روونیکردووەتەوە، ئەم دەستکەوتە گەورەیە ئەنجامی پاڵپشتیی راستەوخۆ و بەردەوامی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، سەرۆکی حکوومەت و جێگری سەرۆکی حکوومەت بووە. هەروەها ستایشی رۆڵی گرنگ و باڵای هاوپەیمانانی بە سەرکردایەتیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کردووە لە چوارچێوەی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی نێوانیاندا. نوێدەکرێتەوە...
کوردستان10-09-2026فەرماندەى پۆلیسی کەرکووک بۆ ئەنجوومەنى پارێزگا: بەبێ رەزامەندى مەرجەعەکانم ئامادە نابم