رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی هەرێمی کوردستان، وەزارەتی ناوخۆی راسپارد دەستبەجێ ژمارەیەک لە کۆمپانیا و نووسینگەی دراوی ئەلیکترۆنیی (فۆرێکس) لە هەرێمی کوردستان دابخات.
حکومەت پێداگری لەسەر قەدەخەکردنی تەواوەتیی مامەڵەکردن بە دراوە دیجیتاڵییەکان دەکاتەوە و دەڵێت: رێکارەکان لەسەر بنەمای رێنماییەکانی (بانکی ناوەندیی عێراق) دانراون، کە تێیدا هەر جۆرە مامەڵەیەک بە دراوی دیجیتاڵی و پلاتفۆرمەکانی (فۆرێکس) بە نایاسایی هەژمار کراوە.
حکومەت لە راگەیێندراوێکدا کە پێنجشەممە بڵاویکردووەتەوە، ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە، وەزارەتی ناوخۆ بە هاوئاهەنگی لەگەڵ دامودەزگا پەیوەندیدارەکان، راسپێردراوە سەرجەم ئەو شوێن و ناوەندانە دابخات کە بەبێ مۆڵەت و لە دەرەوەی رێنماییەکان ئەم کارە دەکەن. "بڕیارەکە هەموو ئەو کۆمپانیا و گرووپانەش دەگرێتەوە کە بە ناوی جیاواز، فێڵ و ناونیشانی بازرگانیی دیکەدا هەمان کار دەکەن."
لە نووسراوەکەدا هاتووە، ئەم هەنگاوە نوێیەی حکومەت لەپێناو پاراستنی ئاسایشی دارایی هاووڵاتییان و رێگری لە بەفیڕۆچوونی سەرمایە و رێگرتنە لەو فێڵ و زیانە داراییانەی بەهۆی مامەڵەکردن لە بازاڕی (فۆرێکس) رووبەڕووی هاونیشتمانییان بووەتەوە.
رۆژی پێنجشەممە، ئاری لەتیف، گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: هێشتا گشتاندنەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستانمان بەدەست نەگەیشتووە، بەڵام پێدەچێت رۆژی یەکشەممە گشتاندنەکە بگاتە دەست بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سلێمانی.
رۆژی 3ـی ئایاری 2026، وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە بڕیارێکدا هەموو جۆرە مامەڵەیەک بە دراوە ئەلیکترۆنییەکان وەک USDT و فۆرێکسی قەدەخە کرد. کاردانەوەی زۆری لە بازاڕدا دروست کردووە و پسپۆڕانیش هۆشدارییان لەبارەی جۆری جێبەجێکردنەکەی دا.
وەزارەتی ناوخۆ ئاماژە بەوە کرد، ئەم هەنگاوە لەبەر رۆشنایی رێنماییەکانی بانکی ناوەندیی عێراق و وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان نراوە. هۆکارە سەرەکییەکانی بڕیارەکە بریتین لە:
نەبوونی چوارچێوەی یاسایی: هیچ یاسایەک نییە مافی هاووڵاتییان لەم جۆرە مامەڵانەدا بپارێزێت.
نەبوونی مۆڵەت: هیچ کۆمپانیایەک لە هەرێمی کوردستان و عێراق مۆڵەتی فەرمیی بۆ بازرگانیی فۆرێکس و دراوە ئەلیکترۆنییەکان نییە.
داخستنی شوێنەکان: هەر کۆمپانیا یان گرووپێک لەم بوارەدا کار بکات، شوێنەکەی دادەخرێت و رووبەڕووی لێپرسینەوە دەبێتەوە.
مەترسییەکان؛ بۆچی ئەم بازاڕە قەدەخە کرا؟
دکتۆر هەرێم رێبوار، پسپۆڕی بازاڕە داراییەکان لە کاتی بەشداریکردن لە بووڵتەنی کاژێر 17:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو تیشکی خستە سەر لایەنە شاراوەکانی ئەم بازاڕە. ئەو دەڵێت، کێشەکە لە دوو جۆر کۆمپانیادایە کە لە هەرێمی کوردستان کار دەکەن:
کۆمپانیاکانی (Full System): ئەمانە بە بانکە جیهانییەکانەوە بەستراونەتەوە و قازانجیان لەسەر بنەمای کۆمیسیۆنە. ئەمانە مەترسییان کەمترە.
کۆمپانیا ناوخۆییەکان (مەترسیدار): بەشێکی زۆری کۆمپانیاکانی ئێرە بە بانکە جیهانییەکانەوە نەبەستراونەتەوە. قازانجی ئەم کۆمپانیایانە لەسەر "زەرەری هاووڵاتییان" راوەستاوە؛ واتە ئەگەر هاووڵاتییەک زەرەر بکات، پارەکە دەچێتە گیرفانی کۆمپانیاکە، ئەمەش وایکردووە جۆرێک لە قۆستنەوە و فێڵکردن لە بازاڕدا دروست بێت.
مەترسییەکی گەورەتر: پارە دەچێتە دەرەوە
دکتۆر هەرێم رێبوار، وێڕای پاڵپشتی لە رێکخستنەوەی بازاڕەکە، هۆشدارییەکی تووند دەدات. ئەو پێی وایە قەدەخەکردنی تەواوەتی رەنگە ببێتە هۆی "چوونە دەرەوەی سەرمایە" (Capital Flight).
بە بڕوای ئەو پسپۆڕە: "ئەم کارە ئۆنلاینە، کاتێک تۆ لێرە کۆمپانیاکان دادەخەیت، خەڵکەکە ناچار دەبن لەگەڵ کۆمپانیاکانی ئیمارات، تورکیا و ئوردن ئیش بکەن. لەو حاڵەتەدا 100٪ـی پارەکە دەچێتە دەرەوەی وڵات بەبێ ئەوەی هیچ کۆنترۆڵێکی حکومەتی لەسەر بێت. ئەگەر ستەمێکیش لە هاووڵاتییەک بکرێت، چونکە لێرە قەدەخەیە، ناتوانێت هیچ سکاڵایەک تۆمار بکات."
گوتیشی، "بازاڕی فۆرێکس و دراوە ئەلیکترۆنییەکان ئۆنلاینە و بە داخستنی شوێنەکان کۆتایی نایەت. حکومەتی ئەمریکاش نەیتوانیوە بەتەواوی کۆنترۆڵی (USDT) بکات، چونکە سیستمێکی لامەرکەزییە".
بۆشایی یاسایی لە عێراق و هەرێمی کوردستان
دکتۆر هەرێم رێبوار دەڵێت، عێراق و هەرێمی کوردستان، بەدەر لە ئێران، تاکە وڵاتانی ناوچەکەن کە تاوەکو ئێستا بازاڕی فۆرێکسیان رێکنەخستووە. لە وڵاتانی وەک سعودیە، ئیمارات و کوێت، ئەم کارە مۆڵەتی هەیە و رێکخراوە. پێشنیاز دەکات لەبری قەدەخەکردن، حکومەت ئەم هەنگاوانە بنێت:
دیاریکردنی مەرج و زەمانەتی دارایی قورس بۆ کۆمپانیاکان.
جیاکردنەوەی کۆمپانیا باوەڕپێکراوەکان لەوانەی تەنیا بۆ زەرەری خەڵک کار دەکەن.
دانانی سیستمێکی چاودێریی تووند لەژێر سەرپەرشتیی بانکی ناوەندی.
وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان، داوا لە هاووڵاتییان دەکات بۆ پاراستنی سەرمایەکانیان لەم جۆرە مامەڵانە دوور بکەونەوە. دکتۆر هەرێمیش دەڵێت: "بەهۆی نەبوونی رێکخستنی یاسایی، ئەگەر هەر هاووڵاتییەک ستەمی لێبکرێت، ناتوانێت لە دادگەکانی ناوخۆ و دەرەوەش سکاڵا بکات، چونکە کارەکە لە بنەڕەتدا نایاساییە."



