رووداو دیجیتاڵ
لە ناوەندی پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان، بە چەقۆ هێرش کرایە سەر باوک و کوڕێک. پۆلیسی پارێزگاکە دەڵێ، باوکەکە کوژراوە و کوڕەکەیشی رەوانەی نەخۆشخانە کراوە.
بە گوێرەی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگاکە، هێرشەکە دوێنێ بووە و لە ئەنجامدا باوکەکە کوژراوە و کوڕەکەیشی بە سەختی بریندار کراوە.
بەگوێرەی زانیارییەکان، سەرەتا دەمەقاڵێ لەنێوان بکوژ و کوڕی کوژراو لەسەر شوێنی راگرتنی ئۆتۆمبێل دروست بووە، دواتر بکوژ بە چەقۆ هێرشی کردووەتە سەر کوڕەکە و باوکیشی کە بە هانای کوڕەکەیەوە چووە، چەندین چەقۆی بەرکەوتووە و بەو هۆیەوە کوژراوە.
لە ڤیدیۆیەکدا کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو کراوەتەوە، دەردەکەوێ بکوژ بە چەقۆ پێنج جار لە لە باوکی ئەو کوڕە دەدات کە لەگەڵی تووشی دەمەقاڵێ بووە.
فەرماندەیی پۆلیسی پارێزگای ورمێ چەند کاژێرێک دوای رووداوەکە، دەستگیرکردنی بکوژی راگەیاند.
لە ئێران زانیاریی ورد لەبارەی کوشتنی بەئەنقەست بەردەست نییە، بەڵام بەگوێرەی ئامارەکانی دادپزیشکیی وڵاتەکە، لە 21-03-2025ەوە تاوەکو 21-03-2026، لانیکەم 582 هەزار کەس بەهۆی شەڕ، برینداربوون یان کوژرانی کەسوکاریان، سەردانی دادپزیشکییان کردووە.

.jpg&w=3840&q=75)